وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: هێرشکردنە سەر عەفرین سەقامگیریی هەرێمی تێکدەدات
رووداو - واشنتن
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێ: هێرش و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆ سەر عەفرین سەقامگیری هەرێمی تێکدەدات. پێشیوایە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە عەفرین نابێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی سنووری تورکیا.
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسەکانی هەواڵی راگەیاندووە: ئەو راپۆرتانەی باس لە بۆردوومانکردنی ناوچەی عەفرین لە سووریا (رۆژئاوای کوردستان) دەکەن، ئەگەر راست بن ئەوا دەبنە هۆی ناجێگیرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا پێیوایە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە عەفرین نابێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی سنووری تورکیا. دەشڵێت: "ئەمریکا باوەڕی وایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە عەفرین یان ئەوەی کە دژ بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD)لە باکوور یان باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامی دەدات، نابێتە هۆی جێگیرکردنی سەقامگیری هەرێـمی".
بەبۆچوونی بەرپرسە باڵاکەی ئەمریکا کە ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە خزمەت بە سەقامگیری هەرێمی و سەقامگیری سووریا ناکات، بەڵکو بارودۆخەکە تێکدەدات، نیگەرانییەکانی تورکیاش سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکانی کەمناکاتەوە.
بەرپرسەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو تەنیا زانیاری دیاریکراوی سەبارەت بە جووڵەی سەربازی تورکیای هەیە و ئەو جۆرە هەڕەشانە یان چالاکییانە کە راپۆرتە سەرەتاییەکان باسیان دەکەن، هیچ خزمەت بەو بابەتانە ناکەن.
دوای چەندین مانگ هەڕەشە، زیاتر لە 10 رۆژە تورکیا بۆردوومانکردنی عەفرینی چڕکردووەتەوە و لە کۆکردنەوەی هێزیش لەسەر سنوور بەردەوامە. بەشێک لە میدیا تورکییەکانیش بڵاویان کردووەتەوە کە هێزە 170 سەربازییەکەی رووسیا لە عەفرین کشاوەتەوە، چاوەڕێش دەکرێت ئەمشەو ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین دەستپێبکات.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح