لیندزی گراهام: داوای کۆبوونەوەی کۆنگرێس لەسەر هێرشەکانی سەر هەسەدە دەکەم

رووداو دیجیتاڵ

لە پەیامێکی تونددا سەبارەت بە پەرەسەندنە ئەمنییەکانی سووریا، لیندزی گراهام، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا رەخنە لە هەوڵەکانی حکومەتی نوێی سووریا دەگرێت بۆ یەکخستنەوەی وڵات لە رێگەی سەربازییەوە و جەخت دەکاتەوە کە "ناتوانرێت سووریا بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی یەکبخرێت، وەک ئەوەی ئەحمەد شەرەع، سەرۆکی حکومەتی سووریا هەوڵی بۆ دەدات."
 
گراهام لە نووسینێکدا لە ئێکس دەڵێت، جووڵەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریا دژی شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) "پڕە لە مەترسی" و مەترسیی گەورە بۆ سەر ناوچەکە دروست دەکات. هەروەها داوا دەکات پێویستە کۆنگرێسی ئەمریکا بە زووترین کات دانیشتنی تایبەت لەسەر ئەم پرسە بکات.
 
لەکۆتایی نووسینەکەدا گراهام ئاماژە بە رۆڵی هەسەدە دەکات لە شەڕی دژی تیرۆر و دەڵێت: "هێزەکانی هەسەدە ئەو هێزە بوون کە لەسەر زەوی شەڕیان کرد کاتێک سەرۆک ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا داعشی تێکشکاند، بۆیە پێموایە ئێمە شایستەی مامەڵەیەکی باشترین لەگەڵیان و قەرزاریانین."
 
ئەمڕۆ دووشەممە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە مەبەستی رێککەوتن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا سەردانی دیمەشقی کرد، بەڵام سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئەنجامیان نەبووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دیمەشق ئەو بەڵێنانەی رەتکردووەتەوە، کە پێشتر لەلایەن تۆم باراکەوە بە هەسەدە درابوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە بۆ رووداو، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا پێشتر دوو بەڵێنی بە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دابوو، هەسەدە وەکو فیرقەیەکی یەکگرتوو لەنێو سوپای عەرەبیی سووریادا دەمێنێتەوە.
 
بە گوتەی سەرچاوەکە، تۆم باراک گوتبووی ئەم خاڵە لەبەر رای گشتی نانووسرێتەوە، بەڵام جێبەجێ دەکرێت.
 
بەڵێنی دووەمیش ئەوە بوو، کورد کورد ئیدارەی ناوچە کوردییەکان بکەن و ئیدارەی کوردی هەبێت.
 
سەرچاوەکەی هەسەدە ئاشکرای کرد، مەزڵووم عەبدی بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانە چووبووە دیمەشق، "بەڵام ئەمڕۆ دیمەشق بەفەرمی هەردوو خاڵەکەی رەتکردەوە و گوتیان 'نەخێر' قبووڵی ناکەین."
 
دۆخی مەیدانی بە پێچەوانەی رێککەوتن و دانوستاندنەکانە، ئەمرۆ هەسەدە رایگەیاند، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادی لە باشووری حەسەکەی لەدەستداوە و "هەزاران داعش" هەڵاتوون، کە تێیدا دیمەشق و هەسەدە یەکدی بە ئازادکردنی داعشان تۆمەتبار دەکەن.
 
لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی، هۆشداری دایە ئەمریکا تاوەکو "بە هەر هۆکارێکی پێویست بێت" بەرگری لە زیندانەکانی داعش لە سووریا بکات بۆ ئەوەی کارەساتی گەورە روونەدات.