جوانترین فڕۆکەخانەی جیهان دەستنیشانکرا
رووداو دیجیتاڵ
جوانترین فڕۆکەخانەی جیهان دەستنیشان کرا کە لە ئەمریکایە.
خەڵاتی (پریکس ڤێرسای) کە خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە لە بواری تەلارسازی و دیزایندا، بەم دواییانە لیستی ئەو تێرمیناڵانەی بڵاوکردەوە کە بە جوانترینی جیهانیان دادەنێت.
تێرمیناڵی هارڤی میڵک 1 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سان فرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێنا.
بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە لە راگەیێندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی فڕۆکەخانەکە بڵاوکراوەتەوە، باسیان لەم رێزلێنانە کردووە.
مایک ناکۆرنخێت، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە گوتی: "ئێمە زۆر شانازی دەکەین کە لەلایەن پریکس ڤێرسایەوە وەک باشترین فڕۆکەخانەی جیهان دەستنیشان کراوین."
ناگۆرنخێت گوتیشی: "تێرمیناڵی هارڤی میڵک 1 بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە ستانداردێکی نوێ بۆ ئەزموونێکی ناوازەی فڕۆکەخانە دابنێت."
فڕۆکەخانەکانی دیکەش خەڵات کران
جگە لە خەڵاتە سەرەکییەکە، پریکس ڤێرسای رێزی لە چەند فڕۆکەخانەیەکی دیکەش گرت، لەوانە:
• تێرمیناڵی 2 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی یانتای پێنگلای لە چین.
• تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی رۆلاند گارۆس لە دوورگەی رییۆنیۆنی فەرەنسا.
• تێرمیناڵی 1 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کانسای لە ئۆساکای ژاپۆن.
هەروەها چەند خەڵاتێکی تایبەتیش بەخشران، وەک خەڵاتی باشترین دیزاینی نێوەوە بۆ تێرمیناڵی 1ی فڕۆکەخانەی مارسیلیا پرۆڤانس لە فەرەنسا و خەڵاتێکی دیکەش بۆ تێرمیناڵی سەرەکیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگنی ئەمریکا.
خەڵاتی پریکس ڤێرسای تەنیا فڕۆکەخانەکان ناگرێتەوە، بەڵکو چەندین پۆلێنی دیکەشی هەیە، وەک باڵەخانەی زانکۆکان، وێستگەی شەمەندەفەر، یاریگە وەرزشییەکان، مۆزەخانەکان، هۆتێلەکان و چێشتخانەکان.