فەرەنسا: پابەندین بە هاوپەیمانیمان لەگەڵ کورد
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات و دەڵێت، پابەندی هاوپەیمانێتیی خۆیەتی لەگەڵ هەسەدە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "فەرەنسا بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی بەوەفایە" و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد رێز لە رێککەوتنی ئاگربەستەکە بگرن.
بەپێی رێککەوتنەکە، دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆی چەقبەستوو و چەند هەفتەیەک لە شەڕی خوێناوی، دامەزراوە و هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بەوانەی حکومەتی ناوەندیی سووریا دەکرێن.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات، فەرەنسا "پێداگرانە پشتیوانی لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات."
دەشڵێت: "فەرەنسا لەبەرامبەر ئەوانەی کە شەڕی دژی داعشیان کرد، بەوەفایە،" وەک ئاماژەیەک بۆ هەسەدە.
رێککەوتنەکەی 18ی کانوونی دووەم، دوای چەند رۆژێک لە پێکدادانی تووند هات کە تێیدا هێزەکانی حکومەت بە پشتیوانیی چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان، چەند ناوچەیەکی ستراتیژییان کۆنترۆڵ کرد، لەوانە شاری تەبقە، بەنداوی فورات (کە بە بەنداوی تەبقەش ناسراوە)، کێڵگە نەوتییەکان و بەشێک لە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور لە رۆژئاوای رووباری فورات.
ئەم پێشهاتە نوێیانە دوای رێککەوتنێکی سەرەتایی مانگی ئاداری 2025 دێت کە لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە واژۆ کرا.
گرژییەکان لە کانوونی دووەمی 2026 پەرەیان سەند، دوای ئەوەی رێککەوتنەکە بێ جێبەجێکردن کۆتایی هات.
دیمەشق رێککەوتنەکە وەک هەنگاوێک بەرەو یەکخستنەوەی سووریا سەیر دەکات، هەرچەندە هێشتا روون نییە وردەکارییەکانی وەک وردبینیی ئەمنی، بەڕێوەبردنی خۆجێی لە ناوچە کوردستانییەکانی وەک حەسەکە و گەرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکان، چۆن جێبەجێ دەکرێن.