کۆڕبەندی داڤۆس: وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدار نابێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆڕبەندی ساڵانەی جیهانیی ئابووریی داڤۆس هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتکردنی ئێران بۆ کۆڕبەندەکەی رایگەیاند و دەڵیت، عەباس عێراقی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆڕبەندەکەدا بەشدار نابێت.
لە راگەیێندراوەکەی کۆڕبەندی داڤۆس دا هاتووە، "هەرچەند پاییزی رابردوو ئێران بۆ ئەم کۆڕبەندە بانگهێشت کرابوو، بەڵام گیانلەدەستدانی بێبەزەییانەی خەڵکی سڤیل لە ئێران لە هەفتەکانی رابردوودا، واتای ئەوەیە کە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران لە داڤۆسی ئەم ساڵ دروست و قبووڵکراو نییە."
ئەمەش دوای ئەوە هات، بانگهێشتکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کۆڕبەندی داڤۆس ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.
پێنج تەوەر و "گیانی دیالۆگ"
کۆبوونەوەی ئەم ساڵ کە خولی 56ـەمینە، لە 19 تاوەکو 23ی کانوونی دووەمی 2026 لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت، درووشمی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە "گیانی دیالۆگ" و ئامانجی بونیاتنانەوەی متمانەیە لە سەردەمێکدا جیهان رووبەڕووی پارچەپارچەبوون و ئاڵۆزییەکی زۆری جیۆسیاسی بووەتەوە.
بەرنامەی کۆڕبەندەکە لە دەوری 5 تەوەر و ئاڵنگاریی سەرەکی دەبێت، گرنگترینیان بریتین لە: هاوکاری لە جیهانێکی پڕ کێبڕکێدا، دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی گەشەی ئابووری، وەبەرهێنان لە خەڵکدا و بەکارهێنانی داهێنانەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە.