تەقینەوە لە هۆتێلێکی کابوڵ روویدا؛ پۆلیس دەڵێت کوژراو و بریندار هەن


رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی ئەفغانستان ڕایدەگەیێنێت، لە هۆتێلێکی شاری کابوڵ تەقینەوەیەک روویداوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە؛ گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەڵێت، تەقینەوەکە کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.


ڕۆژی دووشەممە، 19-01-2026، خالید زەدران، گوتەبێژی پۆلیسی کابوڵ رایگەیاند: "تەقینەوەکە لە هۆتێلێک لە شەقامی گوڵفرۆشانی ناوچەی چواری کابوڵ روویداوە." بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکات، ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.

ئەو شوێنەی تەقینەکەوەی لێبووە بە یەکێک لە قەرەباڵخترین و سەرنجڕاکێشترین شوێنی شارەکە دادەنرێت و ژمارەیەک هۆتێل و فرۆشگای لێیە.

هاوکات عەبدولمەتین قانع، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، رووداوەکە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی.

تائێستا بەرپرسانی تاڵیبان ئاماری فەرمیی قوربانییانیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی میدیای چین، لە رووداوەکەدا دوو هاووڵاتیی وڵاتەکەیان بریندار بوون و کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستانیش گیانی لەدەستداوە.

ئەفغانستان ناوبەناو رووبەڕووی هێرشی گرووپە چەکدارەکان دەبێتەوە، کە زۆرجار داعش بەرپرسیاریێتی دەگرێتە ئەستۆ.