باڵیۆزی ئێران لە سویسرا: ئەمریکا و ئیسرائیل بانگهێشتنامەکەی عێراقچییان بۆ داڤۆس هەڵوەشاندەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئێران لە سویسرا رایدەگەیێنێت، هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتنامەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کۆڕبەندی داڤۆس لەژێر گوشاری ئەمریکا و ئیسرائیلدا بووە؛ لە بەرامبەردا داڤۆس هۆکارەکەی بۆ "گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل" لەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، مەحموود بەریمانی، باڵیۆزی ئێران لە سویسرا رایگەیاند، "هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتنامەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کۆڕبەندی داڤۆس، لەژێر کاریگەریی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بووە."
 
مەحموود بەریمانی رەخنەی لەو بڕیارە گرت و گوتی، "هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتنامەکەی عێراقچی زیان بە متمانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەگەیەنێت."
 
لێدوانەکەی باڵیۆزی ئێران لە کاتێکدایە، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) بەفەرمی هەڵوەشاندنەوەی بانگهێشتنامەکەی ئێرانی راگەیاند.
 
لە راگەیێندراوەکەیاندا هاتووە، "هەرچەند پاییزی رابردوو ئێران بۆ ئەم کۆڕبەندە بانگهێشت کرابوو، بەڵام گیانلەدەستدانی بێبەزەییانەی خەڵکی سڤیل لە ئێران لە هەفتەکانی دواییدا، واتەی ئەوەیە کە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران لە داڤۆسی ئەمساڵ دروست و قبووڵکراو نییە."
 
بڕیاری رەتکردنەوەی بەشداریکردنی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، بانگهێشتکردنی ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە.
 
ئەم ساڵ خولی 56ـەمینی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە 19 تاوەکو 23ی کانوونی دووەمی 2026 لە داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت. درووشمی سەرەکیی کۆڕبەندەکە بریتییە لە "گیانی دیالۆگ" و ئامانجی بونیاتنانەوەی متمانەیە لە جیهانێکدا کە رووبەڕووی لێکترازان و ئاڵۆزیی جیۆسیاسی بووەتەوە.
 
بەرنامەی کۆڕبەندەکە لە دەوری پێنج تەوەر و ئاڵنگاریی سەرەکی دەبێت؛ گرنگترینیان بریتین لە: هاوکاری لە جیهانێکی پڕ کێبڕکێدا، دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی گەشەی ئابووری، وەبەرهێنان لە مرۆڤدا و بەکارهێنانی داهێنانەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە.