لیندزی گراهام داوا لە ئەمریکا دەکات "بە هەر هۆکارێک بێت" بەرگری لە زیندانەکانی داعش لە سووریا بکات

رووداو دیجیتاڵ

لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی ئەو زیندانانەی سووریا کە چەکدارانی داعشیان تێدایە، چونکە بە گوتەی ئەو، هەڵاتنی ئەوان بە واتای "بەرپابوونی دۆزەخ" دێت.
 
گراهام لە پۆستێکی نوێدا لە هەژماری فەرمیی خۆی رایگەیاند، بڕوای بنەڕەتیی ئەو وایە کە دەبێت ئەمریکا بەرگری لەو زیندانانە بکات کە "خراپترین ئەندامانی داعشیان" تێدایە. گراهام گوتی: "بە هەزاران لەو شێتانە لە زیندانەکاندان، ئەگەر بێنە دەرەوە، دۆزەخ بەرپا دەبێت. من ساڵانێکە ئەمە دەڵێم."
 
هۆشداری بۆ حکومەتی سووریا
 
ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە هۆشدارییەکی روونی ئاراستەی حکومەتی نوێی سووریا کرد و رایگەیاند، دەبێت ئاگاداری ئەوە بن کە هەر هەڵاتنێکی داعشەکان لە زیندانەکاندا "کارەسات دەبێت بۆ ئەمریکا، سووریا و تەواوی ناوچەکە." گراهام داوای کرد، دەبێت واشنتن لەم بارەیەوە یەکلاکەرەوە و روون بێت و "بە هەر هۆکارێکی پێویست" بەرگری لەو زیندانانە بکات.
 
ئەم لێدوانە تووندانەی لیندزی گراهام لە کاتێکدایە، بارودۆخی ئەمنیی زیندانەکانی داعش لە سووریا گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایانگەیاند، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لە باشووری حەسەکە لەدەستداوە و ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت چەکدارانی سەر بە دیمەشق دەرگای زیندانەکە بۆ هەزاران داعش دەکەنەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، سوپای عەرەبیی سووریا کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی شەدادی و زیندانەکەی راگەیاند و هەسەدەی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "بە ئەنقەست داعشی ئازاد کردووە". گراهام پێشتریش هۆشداری دابوو، ئەگەر هێزەکانی حکومەتی سووریا پێشڕەوییەکانیان بەرەو رەققە رانەگرن، داوای سەپاندنی سزای "ئێسقانشکێن" بەسەر دیمەشقدا دەکات. 
 
دەقی بڵاوکراوەکەی سیناتۆرە ئەمریکییەکە
 
بە تووندترین شێوە، بڕوای بنەڕەتیی من وایە کە دەبێت ئەمریکا بەرگری لەو زیندانانەی سووریا بکات کە خراپترین ئەندامانی داعشیان تێدایە. بە هەزاران لەو شێتانە لە زیندانەکاندان، ئەگەر بێنە دەرەوە، دۆزەخ بەرپا دەبێت. من ساڵانێکە ئەمە دەڵێم.
 
بۆ حکومەتی سووریا: ئاگاداری ئەوە بن کە هەڵاتنی داعشەکان لە زیندان کارەساتە بۆ ئەمریکا، سووریا و ناوچەکە.
 
بڕوام وایە کە دەبێت ئەمریکا لەبارەی ئەم زیندانانە یەکلاکەرەوە و روون بێت: بە هەر هۆکارێکی پێویست بەرگرییان لێ بکات. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە.