زاخارۆڤا بۆ رووداو: دەبێت لە سووریادا رەچاوی بەرژەوەندیی کورد بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایدەگەیێنێت، رێگەی گەیشتن بە سەقامگیریی بەردەوام لە سووریا، دیالۆگێکی نیشتمانییە بەجۆرێک، کە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکان و بەتایبەتی کوردەکانی تێدا رەچاو بکرێت.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لە وەڵامی پرسیارێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداو سەبارەت بە داهاتووی کورد لە سووریا و خواستیان بۆ خۆبەڕێوەبەری، رایگەیاند: "ئێمە بڕوامان وایە رێگەی گەیشتن بە سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی فورات و هەموو سووریا، لە رێگەی دیالۆگێکی فراوانەوە دەبێت."
زاخارۆڤا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لە هەر رێککەوتنێکدا "بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، کە بێگومان کوردەکانیش دەگرێتەوە" پارێزراو بێت، بەڵام هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت "رێزی بێ مەرج لە سەروەریی سووریا و پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی بگیرێت."
ئەم لێدوانەی زاخارۆڤا لە کاتێکدایە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕاستی ئەم مانگە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاندبوو، بۆ ئەوان جۆری سیستمەکە گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی مەبەستیانە ئەوەیە کورد بتوانێت ناوچەکانی خۆی بەڕێوەببات.
سەبارەت بەو ئاگربەستەی کە لە 30ی کانوونی دووەم لە نێوان دیمەشق و هەسەدە واژۆکرا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هیوای خواست رێککەوتنەکە بەبێ کۆسپ جێبەجێ بکرێت و گوتی: "هیوادارین ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵات بگەڕێنەوە ناو چوارچێوەی یاسایی دەوڵەتی سووریا و هەموو خاڵە جێگەی کێشەکان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنرێن."
زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنانە دەبێتە هۆی پاراستنی ژیانی مەدەنییەکان و گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ناوچانە.
رۆژی 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، بەڵام دوای سێ هەفتە لە شەڕ و ململانێ، لە 30ی مانگدا هەردوولا گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئاگربەستەکە ئەوەیە کە هێزەکانی هەسەدە ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا.