ئەڵمانیا هەواڵگریی بیانی خۆی بەهێز دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لیژنەی کاروباری هەواڵگری بیانی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەیانەوێت لە هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بن بەڵام ئەگەر ئەوان ئەوەیان نەوێت ئەوا پێویستە وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا ئامادەکاری پێویست بۆ بەهێزکردنی هەواڵگری بیانیان بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 18ی شوباتی 2026، مارک هێنریچمان، بەرپرسی لیژنەی کاروباری هەواڵگری بیانی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رایگەیاند، "دەمانەوێت بەردەوام بین لەوەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ ئەمریکیەکان بکەین، بەڵام ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا جا هار کەسێک بێت بڕیاربدات بەبێ وڵاتانی ئەورووپا بەردەوام بێت، ئەوا پێویستە ئێمەش ئامادە بین لەسەر پێیەکانمان بوەستین".
سەرکردەکانی ئەڵمانیا پێیانوایە پێویستییەکی "زۆر بەپەلە" لە وڵاتەکەیاندا هەیە بۆ گۆڕانکاری، لەو شوێنەی کە دەزگای هەواڵگریی دەرەوە لەچاو دەزگاکانی دیکەی جیهان زۆر زیاتر بە یاسا کۆتوبەند کراوە.
ئەو سنووردارکردنانە لەو پارێزگارییە مەبەستدارانەوە سەرچاوە دەگرن کە دوای جەنگی جیهانی دووەم دانران، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە بکرێت کە لەلایەن دەزگای سیخوڕی نازییەکانەوە دەکران.
بەڵام ئەو کۆتوبەندانە کاریگەرییەکی لاوەکییان هەبووە، ئەویش ئەوەیە کە ئەڵمانیایان بە شێوەیەکی تایبەت پشتبەستوو کردووە بە ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، ئەمەش ئێستا وەک مەترسییەکی ئەگەری دەبینرێت.
هێنریچمان گوتی: "کاری هەواڵگری بوارێکە کە هەمیشە ئەم پرسیارەی تێدا دروست دەبێت: تۆ چی پێشکێشی من دەکەیت و من چی پێشکێشی تۆ دەکەم؟ بێگومان ئەگەر ئەڵمانیا تەنیا وەرگر بێت، ئەوا مەترسییەکە زۆر گەورە دەبێت."
فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ئێستا دەوێت دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی وڵاتەکەی بەهێز بکات و لە کۆتوبەندەکان ئازادی بکات، دەسەڵاتێکی زۆر فراوانتری پێ بدات بۆ ئەنجامدانی هێرش، هێرشی سایبەری و بەڕێوەبردنی کاری سیخوڕی بە شێوەیەکی ئازادانەتر.
تۆرستن فرای، ئەو بەرپرسەی دیوانی راوێژکاری ئەڵمانیایە کە سەرپەرشتی چاکسازیی هەواڵگری دەکات، ئەم هەفتەیە ئەم پلانانەی بە پلانێکی پێشووی ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا چواند کە پێشتر و دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا رایگەیاند بوو.
ئەو کات بەرلین وەبەرهێنانی گەورەی بۆ بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکانی راگەیاند کە بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگوێ خرابوون.
فرای گوتی، وەرچەرخانێکی هاوشێوە "ئێستا دەبێت بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانیشمان جێبەجێ بکرێت."
دەزگای هەواڵگریی دەرەکی ئەڵمانیا لە ساڵی 1956دا بە سنووردارکردنی یاساییەوە دامەزرا، کە مەبەست لێی رێگریکردن بوو لە دووبارەبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانەی کە لەلایەن گێستاپۆ و ئێس ئێسی نازییەکانەوە دەکران، هەرچەندە لەو کاتەدا زۆر لە بریکارەکانی پێشتر نازی بوون. گێستاپۆ و ئێس ئێس دوو دامەزراوەی هەواڵگریی نازییەکان بوون.
بۆ جیاکردنەوەی دەزگای هەواڵگری دەرەکی لە پۆلیس و رێگری لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ، دەزگاکە خرایە ژێر چاودێریی دیوانی راوێژکاری و بە میکانیزمێکی تووندی چاودێریی پەرلەمانییەوە بەستراوەتەوە.
دەسەڵاتەکانی تەنیا لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەکاندا سنووردار کرابوون. بریکارەکان دەسەڵاتی یاساییان پێنەدرابوو بۆ دەستوەردان بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی ئەو هەڕەشانەی هەستیان پێ دەکرێت.
ئەم بەربەستانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن. بۆ نموونە، سیخوڕانی ئەڵمانیا دەتوانن لە رێگەی چاودێرییەوە ئاگاداری پلانی هێرشێکی سایبەری بن، بەڵام لە رووی کردارییەوە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ ئەوەی خۆیان رایبگرن. دەتوانن بە چاودێرییەکی یاسایی تووند گوێ لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی بگرن، بەڵام ناتوانن کارێک بکەن بۆ تێکشکاندنی هەڕەشەیەکی ئاشکراکرا.
یاساکانی پاراستنی داتا لە ئەڵمانیاش کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ئەو کارانەی کە پێشتر پۆلیسی نهێنی ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەیانکرد و بوونەتە هۆی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دەزگای هەواڵگریی دەرەکی ئەڵمانیا. بۆ نموونە، دەزگاکە دەبێت زانیارییە کەسییەکان لە بەڵگەنامەکاندا بشارێتەوە پێش ئەوەی رادەستی دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەی بکات.
بەرپرسانی ئەڵمانیا دەڵێن ئەم سنووردارکردنانە چیدی رەوا نین، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی پەرەسەندنی هەڕەشەی تێکدەرانەی رووسیا.
فرای، بەرپرسی دیوانی راوێژکاری کە بەرپرسە لە چاکسازی هەواڵگری دەرەکی وڵاتەکەی گوتی: "ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئەڵمانیا، بە بڕوای من تەنیا سەیرکردن بەس نییە، دەبێت بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین. هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان کە دەزگای هاوشێوەیان هەیە، ئەمە دەکەن."
وەک دەرئەنجامێکی لاوازیی هەواڵگری ئەڵمانیا، وڵاتەکە بە قورسی پشتی بە چالاکییە نهێنییەکانی ئەمریکا بەستووە بۆ راگرتنی هێرشە پلانداڕێژراوەکان. بۆ نموونە، ئەمریکا زانیاری پێشوەختەی دا لەسەر پیلانێکی رووسیا بۆ تیرۆرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (Rheinmetall) و پیلانێکی هاووڵاتییەکی چیچانی بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بەرلین.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی کە ئاماژەی بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی دەزگاکە کردووە، تەنیا نزیکەی 22٪ی هۆشدارییەکانی هەڕەشەی تیرۆریستی لە دەزگای هەواڵگری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە سەرچاوە دەگرن.
ئەم پشتبەستنە زۆرە بە ئەمریکا وای لە هەندێک لە سەرکردە ئەڵمانییەکان کردووە هۆشداری بدەن لەوەی دەبێت هاوپەیمانی لەگەڵ واشنتن تاوەکو ئەوپەڕی توانا بپارێزرێت، تەنانەت کاتێک بەرلین هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی وردە وردە کەمتر پشت بەو وڵاتە ببەستێت.
یۆهان وەدیفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکی رادیۆییدا لەم هەفتەیەدا گوتی: "بەبێ هاوبەشکردنی هەواڵگری ئەمریکا، ئێمە بێبەرگرین. ئەمە ئەو راستییە پەتییەیە کە ناتوانم کەسی لێ بەدوور بگرم."
نەبوونی یاسا
بەرپرسانی ئەڵمانیا شۆک بوون کاتێک واشنتن لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی کاتی هاوبەشکردنی هەواڵگریی لەگەڵ ئۆکراینا راگرت بۆ گوشارخستنە سەر کیێڤ لە کاتی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ رووسیا؛ هەنگاوێک کە لە ناوەڕاستی جەنگەکەدا سوپای ئۆکراینای بێ زانیاری کرد. ئەو رووداوە پشانیدا کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیە باڵادەستی ئەمریکا لە کۆکردنەوەی هەواڵگریدا بەکاربهێنێت بۆ گوشارخستنە سەر هاوپەیمانەکانی.
چەند مانگێک دواتر، مێرتس بەڵێنی دا کە تواناکانی هەواڵگری بیانی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
مێرتس لە گوتارێکدا بۆ بەرپرسانی دەزگاکە گوتی: "دڵنیاییە کۆنەکان بەهاکەیان لەدەستداوە، ئەو یاسایانەی پێشتر تاقی کرابوونەوە چیتر کاریان پێ ناکرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەورووپا لەسەر شانمانە بەهۆی قەبارە و هێزی ئابووریمانەوە، دەمانەوێت دەزگای هەواڵگری بیانی بەرزترین ئاستی هەواڵگریدا کار بکات."
حکومەتەکەی مێرتس بودجەی دەزگای هەواڵگریی دەرەکی ئەڵمانیای بە رێژەی 26٪ زیاد کردووە بۆ 1.51 ملیار یۆرۆ بۆ ئەم ساڵ بەروارد بە پار. راوێژکار هەروەها هەنگاو دەنێت بۆ ئاسانکاری لە رێساکانی پاراستنی داتا کە دەزگاکە پێیانەوە پابەندە، ئەمەش رێگە دەدات بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و ناسینەوەی دەموچاو.