وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بۆ رووداو: دەبێت مەرسوومی مافەکانی کورد لە سووریا جێبەجێ بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هەسەدە دەکات؛ جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت مەرسوومی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی کورد بە وردی جێبەجێ بکرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداو سەبارەت بە رێککەوتنی ئاگربەستی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و دیمەشق، رایگەیاند: "سویسرا پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکات کە چوارچێوەیەک بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و هاندانی گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیر فەراهەم دەکات."
 
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەوان "گرنگییەکی سەرەکیی هەیە" کە رێککەوتنەکە بەتایبەت جێبەجێکردنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی 16ی کانوونی دووەم سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی کورد بگرێتەوە و رێز لە ئاگربەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بگیرێت.
 
ئەم هەڵوێستەی سویسرا دوای ئەوە دێت، حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا مەرسوومێکی تایبەت بۆ داننان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی کورد لە سووریا دەرکراوە.
 
حکومەتی سویسرا جەختی لەوەش کردەوە، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی وردی پەرەسەندنەکان، بەتایبەتی بارودۆخی مرۆیی لە ناوچەکە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە شێوەیەکی رێکوپێک لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە نێویاندا بەرپرسانی حکومەتی راگوزەر، تاوتوێ دەکەن.
 
سویسرا هەمیشە وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی میوانداریی گەڕەکانی دانوستاندنی جنێفی کردووە، ئێستا جەخت لەسەر گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیر دەکاتەوە کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سووریا پارێزراو بێت.