ئان سنۆو بۆ رووداو: رۆڵی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە بەرز دەنرخێنین

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ سووریا رایدەگەیێنێت، ئاگربەستی نێوان هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیری، بەڵام دۆخەکە هێشتا بە ناسکی ماوەتەوە؛ دەشڵێت: "رۆڵی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکاندا بنیاتنەرە."
 
ئان سنۆو، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا بۆ سووریا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداوی دایەوە و تیشکی خستە سەر رێککەوتنەکەی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشق.
 
ئان سنۆو ئاماژەی بەوە کرد، بەریتانیا ئاگربەستەکەی ئەم دواییە وەک "هەنگاوێکی گرنگ بەرەو هێورکردنەوەی گرژییەکان و سەقامگیریی درێژخایەن" دەبینێت، بەڵام هۆشداریشی دا کە بارودۆخەکە هێشتا ناسکە و پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان لەو کارانە بەدوور بگرن، کە دەبنە هۆی تێکدانی ئەم پێشکەوتنانە.
 
ئەم ئاگربەستە دوای ئەوە هات کە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، سوپای سووریا هێرشی کردە سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، کە دواتر بە نێوەندگیریی لایەنەکان شەڕەکە راگیرا.
 
سەبارەت بە رۆڵی هەولێر لە ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا  گوتی: "بەریتانیا لە دیالۆگی نزیکدا دەمێنێتەوە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان و سەرکردە ناوچەییەکان، لە نێویاندا ئەوانەی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ ئێمە رۆڵی بننیاتنەری ئەوان لە پشتگیریکردنی ئارامی و فەراهەمکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکاندا، بەرز دەنرخێنین."
 
ئان سنۆو باسی لە لایەنە مرۆییەکەش کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رێگەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیەوە هاوکاریی گەیاندووەتە زیاتر لە 15 هەزار کەس لە حەلەب و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. جەختیشی کردەوە کە لە قۆناخی داهاتوودا، گەیاندنی هاوکاری بۆ ناوچەکانی وەک کۆبانێ لە پێشینەی کارەکانیان دەبێت.