پۆلیسی بەریتانیا شازادە ئەندرو بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" دەستگیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی بەریتانیا شازادە ئەندرو، برای شا چارلزی سێیەم بە تۆمەتی "خراپ بەکارهێنانی پۆستی گشتی" دەستگیر کرد، ئەمەش وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی جێفری ئێپستین.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 66 ساڵەی لەدایکبوونی شازادە ئەندرو، پۆلیسی "تەیمز ڤالی" رایگەیاند، پیاوێکیان لە ناوچەی نۆرفۆلک دەستگیرکردووە، کە لە 60ـەکانی تەمەنی دایە. هەرچەندە پۆلیس بەپێی یاسا ناوی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا پشتڕاستیان کردەوە، ئەو کەسە شازادە ئەندرویە.
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی پۆلیس گەیشتوونەتە کۆشکی "ساندرینگھام" لە رۆژهەڵاتی ئینگلتەرا و شازادە ئەندرویان دەستگیرکردووە. 
 
ئەم رووداوە دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو بەڵگەنامەی نوێ ئاشکرا بوون، گوایە ئەندرو لە کاتی کارکردنی وەک نێردەی بازرگانیی بەریتانیا، زانیاری و بەڵگەنامەی نهێنی بۆ جێفری ئێپستین ناردووە. 
 
لە ئیمەیڵێکی ساڵی 2010دا، ئەندرو راپۆرتی نهێنی دەربارەی ڤێتنام، هۆنگ کۆنگ و سەنگاپوور بۆ ئێپستین ناردووە. هەروەها تۆمەتبارە بەوەی زانیاری دەربارەی هەلی وەبەرهێنان و وردەکاری گەشتە فەرمییەکانی بۆ ئەو بازرگانە ئەمریکییە گواستووەتەوە.
 
شا چارلزی سێیەم "نیگەرانی" خۆی بەرامبەر کارەکانی برای دەربڕیوە. هەفتەی رابردوو کۆشکی بەکینگهام رایگەیاند، ئەوان "ئامادەن هاوکاری پۆلیس بکەن" لە لێکۆڵینەوەکانیاندا.
 
تەنیا پۆلیسی تەیمز ڤالی نییە، بەڵکو لانیکەم 9 دەزگای پۆلیسی جیاواز لە بەریتانیا خەریکی پێداچوونەوەن بەو راپۆرتانەی شازادە ئەندرو بە دۆسیەی ئێپستینەوە دەبەستنەوە. هاوکات گۆردن بڕاون، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، داوای لە پۆلیس کردووە لێکۆڵینەوە لەو گەشتە ئاسمانییانە بکەن، کە لە چەند دەیەی رابردوودا لە نێوان ئەمریکا و بەریتانیا کراون و پەیوەندییان بەو دۆسیەیەوە هەبووە. 
 
شازادە ئەندرو،  ئێستا بە ناوی ئەندرو ماونتباتن ویندزەر دەناسرێت، پێشتر هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێپستین و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەڵام ئەم دەستگیرکردنە دۆسیەکەی گەیاندە قۆناخێکی هەستیار و مێژوویی.