ئەڵمانیا: دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو پاشەکشەیەکی جدیی دیموکراسییە لە تورکیا


رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ پاشەکشەیەکی گەورەی دیموکراسییە لە تورکیا، ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە گوشار بۆسەر ئەو بەرپرسە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئاداری 2025 ئاسایش چووە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و دەستگیری کرد. بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەسی دیکەش دەرچوو.
 
لەوبارەیەوە سباستیان فیشە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی، "دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو پاشەکشەیەکی جدیی دیموکراسییە لە تورکیا." دەشڵێت، "دەستگیرکردنەکە بەشێکە لە رێکاری یاسایی چڕ بۆ گوشار خستنەسەر ئیمامئۆغڵو."
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا موراد ئۆنگون، راوێژکاری میدیایی ئیمامئۆغڵو بە مەبەستی وەرگرتنی گوتە، دەستگیر کراوە.
 
هاوکات گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانەسەر زیاتر لە 100 ناونیشان بەردەوامە، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەس دەرکراوە. دەستگیرکراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و گوتەیان لێ وەردەگیرێت.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر ژمارەیەک تەندەری پەیوەندیدار بە میدیایە، داواکاری گشتی لە راپۆرتەکەیدا باسی گەندەڵی و هاوبەشیی نێوان جەهەپە و پەکەکەی کردووە.
 
هاوکات سازانی شارەکان یەکێک لەو بابەتانەیە کە داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بڕیاری لێکۆڵینەوە، پشکنین و دەستگیرکردنی لەسەر داوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە سازانی شارەکان تاکتیکی تایبەت بە هەڵبژاردن بوو و یەکێک لەو رێککەوتنانە بوو کە جەهەپە لەگەڵ دەم پارتی لەسەری رێککەوتبوون و لە هەندێک شوێندا هاوئاهەنگییان لە نێوان دەنگدەرانیان دروستکردبوو.
 
میدیای نزیک لە دەسەڵاتیش ئاماژە بە بوونی گەندەڵی دەکەن و رەتی دەکەنەوە پەیوەندیی بە سازانی شارەکانەوە هەبێت.
 
ئیمامئۆغڵو پێش دەستگیرکردنی گوتی، "بە نیگەرانییەوە دەڵێم، چۆڕە عەقڵێک هەوڵدەدات ویستی گەلەمان زەوت بکات و پۆلیسی خۆشەویستی و هێزە ئەمنییەکانی وڵاتمان بۆ ئەم خراپەیە بەکاردەهێنێت. لەبەردەم ماڵەکەمدا، لە بەردەم ماڵی 16 ملیۆن ئیستەنبووڵی؛ سەتان پۆلیس کۆبوونەتەوە. رووبەڕووی زۆرەملێیەکی گەورە بووینەتەوە، بەڵام دەمەوێت پێتان بڵێم کە نابەزین. هەمووتانم زۆر خۆشدەوێت. خۆم سپاردەی گەلەکەم دەکەم. با تەواوی خەڵک بزانن من قیت و لەسەر پێ دەوەستم. بەرەنگاری ئەو کەسە و ئەو عەقڵە دەبمەوە کە تەواوی پرۆسەکەی وەکو داردەست بەکارهێناوە."