سێ هەفتە بەسەر جەنگی ئێراندا تێدەپەڕێت و دیموکراتەکان دژی ترەمپ دەوەستنەوە


رووداو دیجیتاڵ

شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران پێ دەنێتە سێیەم هەفتەی خۆی و تاوەکو ئێستا ئاسۆیەکی روون بۆ کۆتاییهاتنی ئەو گرژییانە نییە. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ جەخت لە لاوازکردنی تواناکانی ئێران دەکاتەوە، لەنێو کۆنگرێسدا شەڕێکی دیکەی سیاسی لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لەسەر شەرعییەتی ئەم جەنگە هەڵگیرساوە.
 
کۆشکی سپی و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێن، هێزی ئێرانیان "بەتەواوەتی لاواز کردووە"، بەڵام هێشتا بەوریاییەوە باس لە داهاتوو دەکەن و ئاماژە بەوە دەدەن، "هێشتا زووە بڵێین شەڕەکە تەواو بووە و بەردەوام دەبین."
 
دیموکراتەکان: ئەمە کارەساتە
 
لە بەرامبەردا، لەنێو کۆریدۆرەکانی کۆنگرێسی ئەمریکادا، دەنگی ناڕەزایەتیی دیموکراتەکان بەرزبووەتەوە. ئەوان بە تووندی دژی ئەم شەڕە وەستاونەتەوە و دەپرسن: سەرۆک چۆن و بە چ پاساوێک ئەمریکای تێوەگلاوی ئەم جەنگە کردووە؟
 
کریس مۆرفی، سێناتۆری دیموکراتەکان، نیگەرانییە قووڵەکانی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت: "ئەمە کارەساتێکی رێگری لێنەکراوە. ناتوانم باوەڕ بکەم سەرۆکێکمان هەیە کە لە دەرئەنجامە خراپەکانی بڕیارەکەی تێناگات. ئێستا شەڕێکی نوێ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل دروستبووە، هەزاران کەس کوژراون و ملیۆنان ئاوارە بوون."
 
مۆرفی ئاماژە بە زیانە ئابووری و سەربازییەکانیش دەکات و دەڵێت: "گەرووی هورموز داخراوە، نرخی گاز لە ئەمریکا بەرزبووەتەوە، مووشەکەکانیش بە بەردەوامی لە باڵیۆزخانە و بنکەکانمان دەدەن. پێویستە سەرۆک ئەمە رابگرێت تاوەکو ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکییەکان بپارێزێت."
 
شەڕی "پاساوەکان" لە کۆنگرێس
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ چەندین کۆبوونەوەی "داخراو و کراوە"یان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس ئەنجامداوە بۆ روونکردنەوەی هۆکارەکانی چوونیان بۆ نێو ئەم شەڕە، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ قەناعەتپێکردنی دیموکراتەکان بێسوود بووە.
 
جاکی رۆزین، سێناتۆری دیموکراتەکان، رەخنەی تووند لە خەرجییەکانی ئەم شەڕە دەگرێت و دەڵێت: "رۆژانە ملیاران دۆلار خەرج دەکرێت، لە کاتێکدا خەڵک لە ویلایەتەکەی من (نیڤادا) توانای دابینکردنی کرێی خانوو و خۆراکیان نەماوە، چونکە نرخەکان و باج بەهۆی ئەم شەڕەوە بەرزبوونەتەوە."
 
رۆزین جەخت دەکاتەوە کە پێویستە سەرۆک رەزامەندی کۆنگرێس وەربگرێت و دەشڵێت: "ئیدارەی ترەمپ دەڵێت ئێران هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بووە، بەڵام لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا هیچ بەڵگەیەکیان نیشان نەداوین کە بیسەلمێنێت هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە هەبووە."
 
بەرەی پشتیوانان؛ کۆمارییەکان چی دەڵێن؟
 
هەرچەندە گوشاری دیموکراتەکان بۆ سەر ئیدارەی ترەمپ بەردەوامە بۆ پاشەکشە لە شەڕەکە، بەڵام لە دیوەکەی دیکەی کۆنگرێسدا، کۆمارییەکان بە تەواوەتی پشتیوانی بڕیارەکەی ترەمپ دەکەن. ئەوان پێیان وایە ئەمە "شەڕێکی رەوایە" و دەڵێن ئێران هەڕەشەیەکی راستەقینە و دەستبەجێ بووە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
 
ئێستا واشنتن لە نێوان دوو بەرەدایە؛ ئیدارەیەک کە سوورە لەسەر بەردەوامیی شەڕ و بەرەیەکی سیاسی لە کۆنگرێس کە هۆشداری لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی ئەمریکا دەدات.