ترەمپ رەتیدەکاتەوە هیچ سەربازێک بنێرێتە نێو ئێران
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، واشنتن لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا سەرکردایەتی و تەواوی توانای سەربازیی ئێرانی لەناوبردووە و ئێستا فڕۆکە ئەمریکییەکان بێ هیچ مەترسییەک لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا دەفڕن؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سەرباز نانێرنە نێو ئێران.
لەنێوبردنی هێزی سەربازی و سەرکردایەتی
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە کۆشکی سپی گوتی: "ئێمە هێزی دەریایی ئەوانمان سڕییەوە. ئێمە هەموو شتێکی ئەوانمان سڕییەوە، لەنێویاندا سەرکردایەتییەکەیان. ئێستا نە هێزی دەریایی، نە هێزی ئاسمانی و نە هیچ چەکێکی دژەفڕۆکەیان نەماوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بە تەواوی باڵادەستن و گوتی: "ئێمە لە هەر شوێنێک بمانەوێ دەفڕین و تەنانەت کەس تەقەشمان لێ ناکات." سەبارەت بە سەرکردایەتیی ئێرانیش، ترەمپ بە تەنزەوە گوتی: "سەرکردە نوێیەکانیشیان نەماون و ئێستا جارێکی دیکە بەدوای سەرکردەی دیکەدا دەگەڕێن."
دوورگەی نەوت و پاراستنی بۆرییەکان
ترەمپ باسی لە دوورگەی خارکی ئێران لە کەنداو کرد و بە "دوورگە بچووکە بێ بەرگرییەکە" ناوی برد.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەر کاتێک بیانەوێ، دەتوانن هێرش بکەنەوە سەری، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ستراتیژییەکی تایبەتیان هەیە و گوتی "ئێمە هەموو شتێکی ئەو شوێنەمان لەنێوبردووە جگە لە بۆرییەکان. ئێمە بۆرییەکانمان خۆش دەوێن، چونکە بونیادنانەوەیان چەندین ساڵ دەخایەنێت."
نەناردنی هێزی زەوینی و دابەزاندنی نرخەکان
سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران، دۆناڵد ترەمپ رەتیکردەوە هیچ سەربازێک بنێرێ و گوتی: "نەخێر، سەربازەکانمان نانێرم بۆ هیچ شوێنێک." بەڵام جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان سەقامگیریی بازاڕە و گوتی: "هەر شتێک پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی نرخەکان بە نزمی بهێڵینەوە."
ترەمپ رایگەیاند کە ئەوان زۆر لە پێش کارنامەکەیانەوەن؛ گوتیشی: "پێویست بوو کارێک بکەم کە هیچ سەرۆکێکی دیکە بوێریی ئەنجامدانی نەبوو."