لە ئەمریکا ژمارەیەک درۆن بەسەر شوێنی حەوانەوەی وەزیری دەرەوە و جەنگدا بینراون
رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی سێ کەس کە لە بارودۆخەکە ئاگادارکراونەتەوە، لە 10 رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی ئەمریکی چەند درۆنێکی نەناسراویان لە ئاسمانی ئەو بنکەیەی سوپای ئەمریکا لە واشنتن دەستنیشان کردووە کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ تێیدا نیشتەجێن. دوو لەو کەسانە گوتیان، هێشتا نازانرێت ئەو درۆنانە لە کوێوە هاتوون.
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و قسەی بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست کردووە، سوپا بە وردی چاودێریی ئەگەری هەر هەڕەشەیەک دەکات، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی هێرشکردنە سەر ئێرانن.
ئەو بەرپرسە گوتی، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا و تەنیا لە یەک شەودا، چەندین درۆن بەسەر بنکەی "فۆرت لێسلی جەی مەکنایر" بینراون، ئەمەش وایکردووە رێکارە ئەمنییەکان تووندتر بکرێن و کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی وەڵامدانەوە بکرێ.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، دەرکەوتنی درۆنەکان لە واشنتن لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هۆشدارییەکی ئەمنیی جیهانی بۆ نێردە دیپلۆماسییەکانی لە دەرەوەی وڵات دەرکردووە و چەندین بنکەی ناوخۆیی وڵاتەکەشی بەهۆی هەڕەشەکانەوە داخستووە.
لەم هەفتەیەدا، بنکەی هاوبەشی (مەگوایەر دیکس لەیکهێرست) لە جێرسی و بنکەی ئاسمانیی (ماکدیڵ) لە فلۆریدا، ئاستی پاراستنی هێزەکانیان بۆ پلەی چارلی (Charlie) بەرز کردەوە؛ ئەم پلەیە بەو مانایەیە کە فەرماندەی ئەو بنکەیە زانیاریی هەواڵگریی پێگەیشتووە کە ئاماژە بە ئەگەری روودانی هێرش یان مەترسی دەکات. تەنیا یەک ئاست لەوە بەرزتر هەبێت ئەویش پلەی دێڵتا (Delta)یە، کە بۆ ئەو کاتانەیە هێرشێک روویداوە یان چاوەڕوان دەکرێت یەکسەر رووبدات.
دوو لەو کەسانەی ئاگاداری بابەتەکەن گوتوویانە، بینینی درۆنەکان بەسەر (فۆرت مەکنایر) وای لە بەرپرسان کردووە بیر لە گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی روبیۆ و هێگسەس بکەنەوە. بەڵام بەرپرسە باڵاکەی ئیدارەکە گوتی، وەزیرەکان شوێنەکەیان جێنەهێشتووە. شوێنی مانەوەی ئەوان لەو بنکەیە پێشتر لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە لایەن چەندین دەزگەی راگەیاندنەوە بڵاوکرابووەوە.
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن ئامادە نەبوو باسی درۆنەکان بکات و گوتی: "وەزارەت ناتوانێت لەبەر هۆکاری ئەمنی لێدوان لەسەر هاتوچۆی وەزیر بداتو راپۆرتدان لەسەر ئەم جۆرە جووڵانە کارێکی زۆر نا بەرپرسانەیە." وەزارەتی دەرەوەش وەڵامی داواکارییەکانی ئەو رۆژنامەیەی بۆ لێدوان نەداوەتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دووجار بەرپرسان دامەزراوەکانی ناو بنکەی ئاسمانیی (ماکدیڵ)یان داخستووە، کە بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـی لێیە و بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران.
ئێستا (FBI) خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە پاکەتێکی گوماناوی کە رۆژی دووشەممە بووە هۆی داخستنی ناوەندی سەردانیکەرانی بنکەکە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک، رۆژی چوارشەممەش رووداوێکی ئەمنیی نادیار وایکرد فەرمانی "مانەوە لە شوێنە پارێزراوەکان" بۆ چەند کاژێرێک لە بنکەکەدا دەربچێت.
پۆست دەڵێ، رۆژی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوە فەرمانی بە هەموو نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان کرد کە "دەستبەجێ" هەڵسەنگاندنی ئەمنی بکەن، ئەوەش بەهۆی "دۆخی بەردەوام و هەڵکشاوی رۆژهەڵاتی نێوەراست و ئەگەری لێکەوتە نەرێنییەکانی" جەنگەکە.
بنکەی فۆرت مەکنایر زانکۆی بەرگریی نیشتمانی و هەندێک لە بەرپرسە سەربازییە هەرە باڵاکانی پێنتاگۆنی تێدایە. ئەم بنکەیە شوێنی مانەوەی سەرکردە سیاسییەکان نەبووە، بەڵام ژمارەیەک بەرپرسانی تیمی ترەمپ، لەوانەش کریستی نەوم، وەزیری پێشووی ئاسایشی ناوخۆ بەهۆی نیگەرانیی ئەمنی چوونەتە ناو بنکە سەربازییەکانی ناوچەکە. بنکەی مەکنایر لە کۆنگرێس و کۆشکی سپی نزیکە، بەڵام هەمان ئەو قایمی و پارێزگارییەی بنکەکانی دیکەی دەورووبەری پایتەختی نییە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی لە هەردوو ئیدارەی ترەمپ و بایدن، هەڕەشەی درۆنی هاوشێوە لە ساڵانی رابردوودا هەبووە، بەتایبەت کاتێک سەرکردەکانی ئێران هەوڵی تۆڵەسەندنەوەیان دەدا بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024دا، تیمی پاسەوانیی ترەمپ چەندین جار رووبەڕووی درۆنی نەناسراو بوونەتەوە، لەوانە لە کاتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە لۆس ئەنجلس و کاتی تێپەڕبوونی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی بە ناوچە لادێنشینەکانی رۆژئاوای پێنسلڤانیا.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا، بەرپرسان بە ترەمپیان گوت، ئێران دەیەوێت بیکوژێت و چەندین تیمی کوشتنی لە ناو وڵاتەکەدا هەیە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک نەبوو کە ئێران بە هەوڵەکانی تێرۆرکردنی ئەو ساڵەوە ببەستێتەوە، بەڵام نەیانتوانی ئەو ئەگەرە رەت بکەنەوە.
هەڕەشەکانی ئێران دژی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوو و جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی (کە ئێران بە بەرپرسیاری کوشتنی سولەیمانی دایاندەنان)، وای لە ئیدارەی بایدن کرد پاراستنی ئەمنیی حکومییان بۆ درێژ بکاتەوە. بەڵام ترەمپ لە ساڵی 2025دا تیمی پاراستنەکەی لێ وەرگرتنەوە.