پەرلەمانی نۆردراین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا بڕیارێکی نوێی لەبارەی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەرکرد
رووداو - دوسلدۆرف
پەرلەمانی نۆردراین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا، پڕۆژەبڕیارێکی بۆ پشتگیریکردنی بزووتنەوەی دیموکراسی لە ئێران و پاراستنی پەنابەران پەسندکرد. بێریڤان ئایماز، جێگری سەرۆکی پەرلەمانەکە رایگەیاند، "دەبێت ئاسایشی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کورد لە ئەڵمانیا بپارێزرێت."
پەرلەمانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن، کە گەورەترین ویلایەتی ئەڵمانیایە، دەنگی دا لەسەر پێشنیارنامەیەک کە تایبەت بوو بە پشتگیریکردنی بزووتنەوە دیموکراتییەکانی نێو ئێران و پاراستنی پەنابەرانی ئەو وڵاتە لە ئەڵمانیا. پڕۆژەکە لەلایەن پارتە دیموکراتەکانەوە پشتگیرییەکی بەهێزی لێکرا.کۆوو
بێریڤان ئایماز، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ویلایەتەکە کە خۆی کوردێکی باکووری کوردستانە، لە گوتارێکدا جەختی لە گرنگیی پشتیوانیکردنی خەڵکی ئێران و بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە لە تێکۆشانیان بۆ ئازادی و مافەکانی مرۆڤ.
بێریڤان ئایماز بە رووداوی گوت: "دەبێت جارێکی دیکە ئاماژە بەوە بکەین کە ئێستا کاتی ئەوەیە گرنگی بە خەڵکی ناو ئێران بدرێت، بەتایبەتی ئەو گرووپانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، وەک کورد و زیندانییە سیاسییەکان. ئەمە بە کردەیی بەو مانایە دێت کە دەبێت ئاسایشی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و کورد لێرە بپارێزین کە بۆ ئێرانێکی فرەڕەنگ و ئازاد و ئاشتیخواز تێدەکۆشن، تا بتوانن لێرە بە سەلامەتی کارەکانیان بکەن."
ئایماز هەروەها داوای کرد بڕیاری راگرتنی ناردنەوەی پەنابەران کە لە ویلایەتی نۆردراین ڤێستفاڵن پەیڕەو دەکرێت، ببێتە بڕیارێکی سەرتاسەری لە هەموو ئەڵمانیا و گوتی: "لەو کاتەدا نابێت هیچ کەسێک بۆ ئێران بنێردرێتەوە."
دوای کۆبوونەوەکە، ژمارەیەک لە نوێنەرانی رێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە نەرمین عوسمانی، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و سوهەیلا بابەک، نوێنەری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ بێریڤان ئایماز و پەرلەمانتاران کۆبوونەوە.
بەشداربووان داوایان لە ئەڵمانیا کرد پشتگیریی سیاسیی زیاتریان بکات و پاراستنی یاسایی بۆ ئەو پەنابەرانە دابین بکات کە بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە روویان لەو وڵاتە کردووە. بۆ کوردانی رۆژهەڵات، ململانێکانی ناو ئێران تەنیا شەڕی مافە سەرەتاییەکان نییە، بەڵکو خەباتە بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریش.
ئەم هەنگاوەی پەرلەمانەکە، نیشانیدەدات ناوەندە سیاسییەکانی ئەڵمانیا نایانەوێت چاو لە ئاست پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دابخەن و دەیانەوێت بەرپرسیارێتیی خۆیان لە پاراستنی ئۆپۆزیسیۆن و پەنابەران جێبەجێ بکەن.