رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ: گیانلەدەستدانی کۆچبەران دوو هێندە زیادی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) ئامارێکی مەترسیدار لەبارەی گیانلەدەستدانی کۆچبەران بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا ژمارەی قوربانییان لە دەریای ناوەڕاست گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.
بەپێی نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ کە رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، تەنیا لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا، لانیکەم 655 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی پاردا ئەو ژمارەیە 287 کۆچبەر بووە.
ئاژانسی "فرۆنتێکس" کە بەرپرسە لە پاراستنی سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا، هۆکاری ئەم هەڵکشانە گەورەیەی قوربانییان بۆ خراپیی کەشوهەوا دەگەڕێنێتەوە، بەتایبەتی گەردەلوولی "هاری" کە لە ناوەڕاستی شوباتدا دەریای ناوەڕاستی گرتەوە. هاوکات ئاژانسەکە قاچاخچییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی کۆچبەران بە بەلەمی "فشۆڵ و مەترسیدار" دەخەنە ناو دەریاوە کە بەرگەی شەپۆلەکان ناگرن.
ئارنۆ بانۆس، توێژەری فەرەنسی لە بواری کۆچ دەڵێت: "تووندکردنی رێکارەکان و داخستنی رێگەی وشکانیی بەڵکان وایکردووە قاچاخچییەکان رێگەی دوورتر و مەترسیدارتر هەڵبژێرن کە چاودێرییان کەمترە، ئەمەش وایکردووە بەلەمی کۆچبەران کەمتر لەلایەن تیمەکانی رزگارکردنەوە ببینرێن."
رەخنە لە وڵاتانی ئەورووپا
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەورووپا رەخنەی تووند لە حکومەتی ئیتاڵیا دەگرن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی ئاستەنگ بۆ کارەکانی رزگارکردن دروست دەکات و کەشتییەکان ناچار دەکات بۆ بەندەرە زۆر دوورەکان بڕۆن، ئەمەش کاتی رزگارکردنی قوربانییەکان بەفیڕۆ دەدات.
پسپۆڕانی بواری کۆچ ئاماژە بەوەش دەکەن، تووندکردنی یاساکانی کۆچ لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و بڕینی ڤیزای خوێندن لەلایەن بەریتانیاوە، وایکردووە رێگە یاساییەکان تەسک ببنەوە و خەڵکی ناچار بن پەنا بۆ رێگەی "مەترسیداری دەریا" ببەن.
فلیپۆ فوری، پسپۆڕی بواری کۆچ، هۆشداری دەدات کە ئەم ئامارانە کۆتایی نین و دەڵێت: "ئامارە فەرمییەکان تەنیا ئەو کەسانە دەژمێرن کە دەگەنە سنوورەکان، نەک هەموو ئەوانەی لە سەرەتاوە بەڕێکەوتوون، هەر بۆیە ژمارەی راستیی قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترە کە بڵاودەکرێتەوە."