ئەمریکا ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی دەخاتە لیستی سزاکانییەوە


رووداو دیجیتاڵ

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زنجیرە سزایەکی نوێی بەسەر چەند کۆمپانیایەکدا سەپاند، بە تۆمەتی ئەوەی لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا هاوکاری ئێرانیان کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 19ـی نیسانی 2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کە سزایان بەسەر چەند کۆمپانیایەکی بواری ئەلیکترۆنی لە ئێراندا سەپاندووە، جگە لەو کۆمپانیا ئێرانییانە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە چەند کۆمپانیایەکی دیکەشی مالیزی، هۆنگ کۆنگی و چینی سزایان خراوەتە سەر کە هاوکاریی ئێرانیان کردووە لە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا. 
 
کۆمپانیا سزادراوەکان ناتوانن هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکەن، هەر کۆمپانیایەکی ئەمریکیش مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا سزادراوەکان بکات، دەچێتە لیستی سزادراوەکان، ئەمە وەک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باسی دەکات.
 
براین نێڵسن، بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گوتی: "ئەو کۆمپانیانەی کە ئەمڕۆ سزادراون، پێداویستیی تەکنەلۆژییان بۆ حکومەتی ئێران دابین کردووە."
 
براین گوتیشی: "وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سزاکانی لە دژی هەوڵە سەربازییەکانی ئێران کە بوونەتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە و ناسەقامگیری جیهانی."
 
بەگوێرەی پەیمانگای ئاشتی ئەمریکی، ئێران زیاتر لە 10 جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە کە خۆی لە درۆنی چاودێریکردن، درۆنی هێرشکردن و درۆنی خۆکوژیدا دەبینێتەوە، بەڵام تائێستا ژمارەی درۆنە ئێرانییەکان ئاشکرا نەکراوە. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، تاران 2 هەزار و 400 درۆنی بۆ رووسیا دابینکردووە، کە ئەوانیش شاهید-136، کاماکازی و موهاجیر-6ـن کە رووسیا بۆ مەبەستی هێرشکردن و چاودێریکردنی جموجۆڵی سەربازانی ئۆکراینی بەکاریهێناون. ‌