ئیسرائیل بۆ سوپاکەی: هەموو ئەو خانووانەی حیزبوڵڵا بڕووخێنن بۆ هێرشکردن بەکاردێن


رووداو دیجیتاڵ 

یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا، سەرەڕای ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵا، وڵاتەکەی لە بەکارهێنانی "تەواوی هێزی خۆی" سڵ ناکاتەوە، ئەگەر سەربازەکانیان بکەونە ژێر مەترسییەوە.

رۆژی یەکشەممە، 19-04-2026، کاتس لە کەرتی رۆژئاوا رایگەیاند: "من و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران فەرمانمان بە سوپا کردووە تەواوی هێزی خۆیان، چ لە وشکانی و چ لە ئاسمانەوە، بەکاربهێنن بۆ پاراستنی سەربازەکانمان لە لوبنان، تەنانەت لە کاتی ئاگربەستیشدا."
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، فەرمانی بە سوپا داوە هەموو ئەو خانوو و باڵەخانانە لە گوندە سنوورییەکاندا بڕووخێنن کە حیزبوڵڵا وەک "خاڵی تێرۆریستی" بۆ هێرشکردنە سەر کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکان بەکاریان دەهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە، میدیای لوبنان رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە چەندین کردەی تەقاندنەوە و رووخاندنی لە شاری بنت جوبەیل لە باشووری لوبنان کردووە.
 
ئەم لێدوانە تووندانەی کاتس دوای ئەوە دێن، سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە کوژرانی سەربازێکی خۆی لە باشووری لوبنان راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی چووبووە ناو باڵەخانەیەکی بۆمبڕێژکراوەوە.
 
کاتس ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی تەلئەڤیڤ لە لوبنان چەککردنی حیزبوڵڵا و دوورخستنەوەی هەڕەشەیە لە باکووری ئیسرائیل. کاتس گوتی: "ئەگەر حکومەتی لوبنان پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت (بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حیزبوڵڵا)، سوپای ئیسرائیل لەرێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە ئەو کارە دەکات."
 
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە رۆژی 2ـی ئاداری ئەم ساڵەوە دەستی پێکرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران.