8 منداڵ لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ویلایەتی لویزیانا کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی پۆلیسی شاری شریڤپۆرت لە ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردنێکی بەکۆمەڵدا، 8 منداڵ کوژران و تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکەش دوای راوەدوونانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کوژراوە.
رۆژی یەکشەممە، 19-04-2026، پۆلیسی شاری شریڤپۆرت دوای وەرگرتنی چەندین پەیوەندی سەبارەت بە هەبوونی "کێشەیەکی خێزانی،" گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە. کریستۆفەر بۆردێلۆن، گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە دیمەنی تاوانەکەی بە "یەکجار بەرفراوان" وەسف کرد کە سێ ماڵی جیاوازی گرتووەتەوە.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، تۆمەتبارەکە دەستڕێژی گوللـەی لە 10 کەس کردووە؛ لەو ژمارەیە 8 کەسیان کوژراون کە هەموویان منداڵن و تەمەنیان لەنێوان یەک ساڵ بۆ 14 ساڵیدایە. دوو کەسی دیکەش بە برینداری گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
گوتەبێژی پۆلیس ئاشکرای کرد، تۆمەتبارەکە دوای تاوانەکە، ئۆتۆمبێلێکی بە زەبری چەک لە هاووڵاتییەک سەندووە و هەوڵی هەڵاتنی داوە. هێزەکانی پۆلیس دەستبەجێ کەوتوونەتە راوەدوونانی و لە ئەنجامی پێکدادان و تەقەکردن، پۆلیس توانیویەتی تۆمەتبارەکە بکوژێت.
هەرچەندە پۆلیس هێشتا ناسنامەی بکوژەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بۆردێلۆن ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن هەندێک لەو منداڵانەی لە ناو ماڵەکاندا کوژراون، "لە منداڵ و نەوەکانی خودی تۆمەتبارەکە بوون."