ترەمپ: لە کەنداوی عومان دەستمان بەسەر کەشتییەکی گەورەی ئێران دا گرت

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریایی وڵاتەکەی دەستی بە سەر کەشتییەکی بارهەڵگری گەورەی ئێراندا گرتووە، ئەوەش دوای ئەوە هەوڵیداوە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا ببڕێت.
 
بە گوتەی ترەمپ، کەشتییەکی بارهەڵگر بە ئاڵای ئێرانەوە بە ناوی (تۆسکا) کە درێژییەکەی نزیكەی 900 پێیە و کێشەکەی بەقەد کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر دەبێت، لە دەریای عوماندا ویستوویەتی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا تێپەڕێنێت. ترەمپ گوتی: "کارەکە بە باشی بۆ ئەوان تێنەپەڕی."
 
سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی رووبەڕووبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی، کەشتیی تێکشکێنەری هەڵگری مووشەکی (USS SPRUANCE) رێگەی لە کەشتییە ئێرانییەکە گرتووە و هۆشداریی پێ داوە، بووەستێت، بەڵام تاقمی کەشتییەکە رەتیان کردووەتەوە گوێ بگرن. ترەمپ گوتی: "کەشتییە دەریاییەکەمان رێک لە شوێنی خۆیاندا رایگرتن، ئەویش لەرێگەی کونکردنی ژووری بزوێنەرەکەی".
 
ئێستا هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا چوونەتە ناو کەشتییەکە و دەستیان بە سەردا گرتووە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کەشتیی تۆسکا پێشتریش لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزای لە سەر بووە بەهۆی "مێژووی لە چالاکیی نایاسایی."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە بە تەواوەتی دەستمان بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە و ئێستا دەبینین چی لە ناویدایە."
 
ئەم پێشهاتە سەربازییە تووندە دوای ئەوە دێت، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر هەموو بەندەرەکانی ئێران و هۆشداریی دابوو هەر کەشتییەک لە بازنەی گەمارۆکە نزیک ببێتەوە، دەکرێتە ئامانج.