شەهباز شەریف: لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران قسەم کرد و وەک نیوەندگیرێکی راستگۆ و دڵسۆز دەمێنینەوە
رووداو دیجیتاڵ
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "گەرم و بنیاتنەر"ـی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هەبووە سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی ناوچەکە.
رۆژی یەکشەممە 19-04-2026 سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پۆستێکدا لە ئێکس ئاشکرای کرد، دەستخۆشی لە بەشداریی جیدیی ئێران کردووە، بەتایبەتی ناردنی شاندی باڵا بۆ گفتوگۆ مێژووییەکانی ئیسلامئاباد. هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی ئەو گفتوگۆیانە کرد کە ئەم دواییە لە تاران لە نێوان بەرپرسانی ئێران و عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بەڕێوەچوون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شەهباز شەریف لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ پزیشکیان، تیشکی خستووەتە سەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی خۆی لەگەڵ سەرکردەکانی سعودیە، قەتەر و تورکیا.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، شەریف دڵنیایی دایە سەرۆککۆماری ئێران کە پاکستان، بە پشتگیریی دۆست و هاوبەشەکانی، بە تەواوەتی پابەند دەبێت بە رۆڵی خۆی وەک "نیوەندگیرێکی راستگۆ و دڵسۆز" بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیریی ناوچەیی.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە، ناوچەکە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەدایە و تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان واشنتن و تاران، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وێرانکاریی گشتگیری کردووە ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی واژۆ نەکرێت.