ترەمپ شاندی نارد و ئێران هێشتا دوودڵە
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتیی ژێرخانی ئێران دەکات، تاران هێشتا بڕیاری نەداوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن و تەنگەی هورمزیش وەک شا دەماری پەککەوتووی ئابووریی جیهان بە داخراوی ماوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، نوێنەرانی وڵاتەکەی ئێوارەی رۆژی دووشەممە دەگەنە پاکستان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ. بەرپرسێکی کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات.
ترەمپ لە پۆستێکی ترووس سۆشیاڵدا نووسی: "ئێمە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە پێشنیاز دەکەین، بەڵام ئەگەر تاران رەتی بکاتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەموو وێستگەکانی کارەبا و هەموو پردەکانی ناو ئێران تەخت دەکات. چیدی (کابرای باش( نەما."
کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو ئێستا بە فەرمی بەشداریی خۆی لە گەڕی نوێی گفتوگۆکان رانەگەیاندووە. ئاژانسی ئیرنا دەڵێ، "هیچ ئاسۆیەکی روون بۆ دانوستاندنەکان نییە." ئاژانسەکانی فارس و تەسنیمیش ئاماژەیان بەوە کردووە، کەشی دانوستاندنەکان "ئەرێنی نییە" و تاران هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکای بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران وەک "مەرجی پێشوەختە" بۆ گفتوگۆ داناوە.
لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە ماکرۆن لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە پاریس کۆدەبێتەوە. ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، دوێنێ ئاشتیپارێزێکی فەرەنسی لە لوبنان کوژرا و ئاگربەستە 10 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش ناسک و لەرزۆکە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دا، سوپاکەی تەنانەت لە کاتی ئاگربەستیشدا "تەواوی هێزی خۆی" بەکاردەهێنێت ئەگەر سەربازەکانیان لە لایەن حیزبوڵڵاوە رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببنەوە. هەروەها، سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە شەڕەکانی باشووری لوبنان راگەیاند، بەوەش ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لەم جەنگەدا گەیشتە 15 سەرباز.
تەنگەی هورمز، کە رێڕۆی 1/5ـی نەوتی جیهانە، رۆژی یەکشەممە بە داخراوی مایەوە. ئەمە دوای ئەوە دێت، تاران دووبارە بڕیاری داخستنی دا وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆی سەر بەندەرەکانی. لە لایەکی دیکەوە، ئێران رایگەیاند، رۆژی دووشەممە گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەی مەشهەد دەستپێدەکەنەوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، گەشبینە بەوەی ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران کە رۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت، درێژ بکرێتەوە تاوەکو دەرفەتی زیاتر بۆ دیپلۆماسی بڕەخسێت.