وردەکاریی هێرشەکەی سوپای ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی ئێرانی لە کەنداوی عومان
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، لە دەریای عەرەب، یەکەم کەشتیی بارهەڵگری ئێرانییان پەکخست و دەستیان بەسەردا گرت، ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەکە هەوڵیدا گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بشکێنێت و بچێتە ناو بەندەرێکی ئێرانەوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، کەشتیی جەنگیی ئەمریکی USS Spruance رێگری لە کەشتیی بارهەڵگری تۆسکا کرد، کە بە ئاڵای ئێرانەوە و بە خێرایی 31،5 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بەرەو بەندەر عەباس دەچوو. هێزە ئەمریکییەکان چەندین هۆشدارییان دایە کەشتییەکە و ئاگاداریان کردەوە کە خەریکی پێشێلکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکایە.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەوەی ستافی کەشتییەکە بۆ ماوەی شەش کاژێر رەتیانکردەوە پابەندی هۆشدارییەکان بن، کەشتیی USS Spruance فەرمانی بە ستافی کەشتییەکە کرد ژورەی بزوێنەرەکەیان چۆڵ بکەن. دواتر، کەشتییە جەنگییە ئەمریکییەکە بە چەند گولـلەیەک لە جۆری MK 45، ژورەی بزوێنەری کەشتییەکەی پێکاو و پەکیخست.
سێنتکۆم دەڵێت، دوای وەستانی کەشتییەکە، هێزەکانی مارێنزی سەر بە یەکەی 31ی ناردنی خێرا، چوونەتە سەر کەشتییەکە و لە ئێستادا کەشتییەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکادایە.
بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا رایانگەیاندووە، ئەم هەنگاوەیان بە شێوەیەکی پیشەیی و گونجاو بووە بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی گەمارۆکە. ئاماژەیان بەوەش کردووە، لەوەتەی دەسپێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران، هێزەکانی ئەمریکا 25 کەشتیی بازرگانییان ناچار کردووە یان بگەڕێنەوە یان روو لە بەندەرێکی دیکەی نائێرانی بکەن.
رۆژی 13ی نیسان، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستەسەر بەندەرەکانی ئێران و رێگری لە هەر کەشتییەک کردووە بگاتە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە. بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، گەمارۆکە بەهۆی پابەندنەبوونی ئێرانە بە کردنەوەی تەواو و ئازادانەی تەنگەی هورمزەوە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەکەی داخست.
رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لەگەڵ ئێران راگەیاند و ئێرانیش تەنگەکەی کردەوە. بە گوێرەی بەرپرسانی تاران، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵـڵای لوبنان و دواتریش گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانیان، تەنگەکەیان داخستەوە.