لە نزیک زانکۆیەکی ئەمریکا تەقەکرا و 3 خوێندکار بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی ویلایەتی ئایۆوا لە ئەمریکا رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردن لە نزیک زانکۆی ئایۆوا، چەند کەسێک بریندار بوون کە سێیان خوێندکاری زانکۆکەن.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی زانکۆی ئایۆوا، بەیانیی ئەمڕۆ تەقە لە ناوەندی شاری ئایۆوا کراوە و بەو هۆیەوە سێ خوێندکاری زانکۆکە بریندار بوون. پۆلیسی شارەکە دەستبەجێ گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردووە.
 
زانکۆکە ئاماژەی بەوە کردووە، رووداوەکە لە نزیک یەکتربڕینی شەقامەکانی کۆڵێج و کلینتن روویداوە، کە ناوچەیەکە بەوە ناسراوە جووڵەی شەوانەی تێدا چالاکە و قەرەباڵخییەکی زۆری لێیە.
 
لە کاژێر 2:00ـی نیوەشەو بە کاتی ناوخۆ (10:00 بە کاتی هەولێر)، تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە. تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لە سەر دۆخی تەندروستیی بریندارەکان بڵاونەکراوەتەوە.
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام ئەم جۆرە رووداوانەی لێ روودەدات، بەوپێیەی هەڵگرتنی چەک بە شێوەیەکی بەرفراوان رێگەی پێ دراوە. ساڵانە بەهۆی رووداوەکانی تەقەکردنەوە هەزاران کەس لەو وڵاتەدا بریندار دەبن یان گیان لەدەستدەدەن.