نووسینگەی راگەیاندنەکەی: مەسرور بارزانی لە ئەمریکا رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تایبەت بە وزە واژۆ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت لەم کاتەدا، هەلێکە بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگ و کاریگەرەکان.

نوورەدین سەعید وەیسی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە داوەتنامەیەکی فەرمییە و لە کاتێکی هەستیاردایە، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە جێبایەخەکانی هەردوولا و بەهێزکردنی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی هەردوولا بە شێوەیەک، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان و چاوەڕوانییەکانی بکات."
 
نوورەدین وەیسی رایگەیاند، ئاماژەی بە خشتەی کاری سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت کرد و گوتی، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و بەشداریی کارا لە کۆڕبەندی تایبەت بە وزە دەکات.
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت کۆمەڵێک رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تایبەت بە وزە واژۆ بکات، کە دەبنە بەهێزترکردنی تواناکانی هەرێمی کوردستان لە دەرکەوتنی پێگەکەی لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی."
 
سەبارەت بە پرسی وزە نوورەدین وەیسی دەڵێت، "سەرباری ئەو زیانە ئابوورییە گەورەیەی بەر هەرێمی کوردستان و ئابووریی عێراق کەوتووە کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێنرێت، هێشتا حکومەتی فیدراڵ کێشە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دروست دەکات. گەلی کوردستان ئەمە وەک مەرامێک بۆ دوورخستنەوەی هەرێم لە نەخشەی وزەی جیهانیی دەبینێت."
 
دوێنێ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی ئەمریکا، گەیشتە واشنتنی پایتەختی وڵاتەکە.