دوای پەیوەندی لەگەڵ پووتین، ترەمپ دەڵێت دانوستاندنەکانی ئۆکراینا "دەستبەجێ" دەستپێدەکەن

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، هاوتا رووسییەکەی قسەی کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رووسیا و ئۆکراینا دەستبەجێ دەست بە دانوستاندنی ئاگربەست دەکەن، بەڵام بەو ئاگربەستە بێمەرجەی واشنتن پێشنیازی کردبوو، سەرکردەی کرێملن رازی نەبوو.
 
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوو کاژێرییەکە، ترەمپ وێنەیەکی گەشبینانەتری لە بارودۆخەکە کێشا، لە کاتێکدا بە پەرۆشەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک هەوڵ دەدات، تاوەکو کۆتایی بەو ململانێ درێژخایەنە بهێنێت کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو لە ماوەی 24 کاژێردا چارەسەری بکات.
 
دوای پەیوەندییە "سوودبەخشەکە"، پووتین رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ کیێڤ لەسەر یاداشتێک بۆ رێککەوتنێکی ئاشتی کاربکات، بەڵام بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی مۆسکۆ لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، پێداگری کرد کە سازشی زیاتر پێویستە.
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند: "تازە پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوو کاژێرییەکەم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتینی رووسیا تەواو بوو. پێموایە زۆر باش بەڕێوەچوو."
 
"رووسیا و ئۆکراینا دەستبەجێ بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، گرنگتر لەوەش، کۆتاییهێنان بە جەنگ، دەست بە دانوستاندن دەکەن."
 
ترەمپ گوتی "تۆن و روحیەتی گفتوگۆکە نایاب بوون،" ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ پێشتر بێزاریی خۆی زیاتر لە پووتین دەربڕیبوو.
 
ترەمپ بەم دواییانە داوای ئاگربەستێکی بێمەرجی 30 رۆژەی لەنێوان ئۆکراینا و رووسیادا کردبوو. کیێڤ رازی بوو، بەڵام پووتین تاوەکو ئێستا خۆی لە هەر ئاگربەستێکی لەو شێوەیە بواردووە.
 
ترەمپ هەروەها گوتی، ڤاتیکان، کە پاپا لیۆی چواردەیەم بەم دواییانە وەک یەکەم پاپای ئەمریکی تێیدا هەڵبژێردرا، لە میوانداریکردنی دانوستاندنەکانی رووسیا و ئۆکراینا "زۆر ئارەزوومەند" دەبێت.
 
"سوودبەخش"
 
دوای پەیوەندییەکە، پووتین بە میدیاکانی رووسیای راگەیاند: "زۆر پڕ زانیاری و زۆر کراوە، بەڕای من، زۆر سوودبەخش بوو."
 
سەرۆکی رووسیا گوتی، مۆسکۆ "پێشنیاز دەکات و ئامادە دەبێت لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی لەسەر یاداشتێک سەبارەت بە رێککەوتنێکی ئاشتیی گریمانەیی لە داهاتوودا کە چەندین هەڵوێست دیاری دەکات، کاربکات."
 
هەرچەندە، لێدوانەکانی چەندین وردەکاری، لەوانەش کات و نێوەڕۆکی بەڵگەنامەکەی، بە نادیاری هێشتەوە.
 
سەرۆکی رووسیا گوتی، لە کاتێکدا دانوستاندنەکانی هەفتەی رابردوو لەگەڵ کیێڤ لە ئیستەنبووڵ جیهانی بۆ چارەسەرکردنی ململانێیەکە خستبووە "سەر رێگای راست"، هێشتا "سازشی" زیاتر پێویستە.
 
ترەمپ، کە پێشتر گەورە وەبەرهێنەرێکی خانووبەرە بووە و شانازی بەوەوە دەکات کە مامۆستای "هونەری رێککەوتنە،" چەندین جار ئاماژەی بەوە داوە کە بەرامبەر هەوڵەکان بۆ مۆرکردنی رێککەوتنێک لەسەر ئۆکراینا، خەریکە ئارامی لەدەستدەدات.
 
بەرپرسێکی باڵای ئۆکراینی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا پێش پووتین بە کورتی قسەی لەگەڵ زیلینسکی کردووە، سەرۆکی ئۆکراینا داوای لێکردووە ئەگەر رووسیا بە ئاگربەست رازی نەبێت، سزاکان دژی تووندتر بکات.
 
ترەمپ رایگەیاند، لە پەیوەندییەکدا دەستبەجێ دوای گفتوگۆکەی لەگەڵ پووتین، زیلینسکی؛ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا و سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و فینلاندی لە دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی "ئاگادار" کردووەتەوە.
 
گوشاری سزاکان
 
دوای پەیوەندییەکەی ترەمپ و پووتین، ئەڵمانیا رایگەیاند، هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئۆکراینا لەسەر "زیادکردنی گوشار" لەسەر رووسیا لە رێگەی سزاکانەوە رێککەوتوون.
 
ئەگەرچی لە قسەکانی ترەمپ زیاتر ئارەزووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ مۆسکۆ دەردەکەوت، نەک سەپاندنی سزا.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، رووسیا دەتوانێت "کاتێک ئەم خوێنڕێژییە کارەساتبارە کۆتایی دێت، بازرگانییەکی بەرفراوان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام بدات."
 
کرێملن رایگەیاند، هەم پووتین و هەم ترەمپ خوازیاری "ئاساییکردنەوەی" پەیوەندییەکانی ئەمریکا و رووسیان.
 
سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر نەگەنە رێککەوتن، بێزارییەکانی ترەمپ هێشتا دەکرێت لەگەڵ هەر لایەنێکدا بتەقێتەوە.
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر رووسیا ئامادەیی نیشان نەدات بۆ گەیشتن بە ئاشتی "ئەوا لە کۆتاییدا تەنیا دەبێت بڵێین، ئەمە جەنگی ئێمە نییە."
 
کۆشکی سپی پێشتر رایگەیاندبوو، ترەمپ هێشتا هیوادارە لە نزیکەوە چاوی بە پووتین بکەوێت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا پێشنیازەکەی بۆ چاوپێکەوتن لە دانوستانەکانی هەفتەی رابردووی رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ رەتکردەوە.
 
رووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا بەردەوامە.
 
مۆسکۆ رایگەیاند، سوپاکەی دوو گوندیان لە هەرێمەکانی سومی و دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە. هێزی ئاسمانیی ئۆکرایناش رایگەیاند، رووسیا شەوی رابردوو 112 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، کە 76ـیان خراونەتە خوارەوە.