هەواڵگریی ئەڵمانیا: ئێران پلانی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی جوو و هاووڵاتییانی نەیاری لە ئەورووپا هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیا هۆشداری دەدات کە رەنگە ئێران دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بەئامانجگرتنی هەندێک کەس و دامەزراوە لە ئەورووپا زیاد بکات.
 
دەزگاکە دەڵێ، ئامانجەکان دامەزراوەکانی جوو و ئیسرائیلییەکان، دژبەرانی حکومەت و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە "ناپاک" دادەنرێن و دەڵێ، دەیان هاووڵاتی لە ئەڵمانیاوە چوونەتە ئێران و دواتر بۆ کاری سیخوڕی و تیرۆر بەکارهێندراون.
 
رۆژی سێشەممە 19-05-2026 دەزگای فیدراڵی بۆ پاراستنی دەستوور (BfV)، کە دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیایە رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو کەسانە دەکات کە لە ئەڵمانیاوە گەشتیان بۆ ئێران کردووە بۆ مەشقی سەربازی یان بە شێوەیەکی دیکە "خۆیان خستووەتە خزمەتی" دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە.
 
دەزگاکە رایگەیاندووە: "بەشی دژە سیخوڕیی BfV لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکان دەکات."
 
BfV هەڵسەنگاندنی وایە کە "دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، ئێران رەنگە دەزگا هەواڵگرییەکانی بەکاربێنێت بۆ کردنە ئامانجی دژبەرانی رژێم، لایەنگرانی جوو، لایەنگرانی ئیسرائیل و ئەمریکا، دژبەرانی ئێرانی و کەسانی دیکە کە بە 'ناپاک' دادەنرێن."
 
راپۆرتەکە دەڵێ، هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە، بەرپرسانی هەواڵگری ترسیان لەوە هەیە تاران سەرچاوەکانی بەرەو ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە ئاراستە بکاتەوە کاتێک گوشاری سەری کەم دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی BfV، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران ئامادەن ئەو رێگانە بەکاربێنن کە دەگەنە ئاستی تیرۆر و دەڵێ: "ئەوان لە هەڕەشەکردن لە کەسانی ئامانجکراوەوە دەستپێدەکەن تاوەکو ئۆپەراسیۆنی چاودێریکردن بۆ دەستپێکردنی هێرش."
 
سەرچاوەکانی هەواڵگری رایانگەیاندووە، "لانیکەم دەیان" کەس لە ئەڵمانیاوە چوونەتە ئێران کە دواتر بۆ حکومەتی ئەوێ کاریان کردووە.
 
لە نێویاندا دوو پیاو خەڵکی هامبۆرگن کە لە ڤیدیۆیەکی پشتڕاستنەکراوە لە خاڵێکی پشکنینی بەسیجدا بە چەکی کڵاشینکۆفەوە دەرکەوتوون. یەکێکیان، ناسراو بە (بنیامین ج.)، دەڵێ سەر بە بازنەی ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ (IZH) بووە، کە ماوەیەکی درێژ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە بە گرنگترین پێگەی تاران لە ئەورووپا دادەنرا پێش ئەوەی لە ساڵی 2024ـدا قەدەخەی چالاکییەکانی بکرێت
 
دەزگاکە دەڵێ، لە دۆخەکانی دیکەدا کە پشتڕاستکراونەتەوە "چەند کەسێک کە لە ئەڵمانیاوە چوونەتە ئێران، بەشدارییان لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی بەرگریکردن لە رژێم کردووە و داوایان لە هەر ئێرانییەک، بێ گوێدانە ئەوەی لە کوێیە کردووە، بەشداری لە بەرگریکردن لە نیشتماندا بکات."
 
یەکێک لەوانەی لە ڤیدیۆکانی تارانەوە دەردەکەوێ، "(ئایتەک بارانی)ـیە، کە ماوەیەکی درێژە دانیشتووی ئەڵمانیایە و لایەنگری حەماسە و پار لە فرانکفۆرت بەهۆی پشتگیریکردنی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماسەوە سزادرا."
 
دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا رایگەیاند: "ئاستی هەڕەشەی گشتیی دەزگە هەواڵگرییەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی جوو، ئیسرائیل، هەروەها کەس و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران لە ئەڵمانیا، بە بەرزی دەمێنێتەوە."
 
دەزگا ئەڵمانییەکە دەڵێ: "ئێران دەیەوێ چالاکیی تیرۆریستیی پاڵپشتیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە بکات. بۆ ئەوەش، پشت بە تۆڕ و باندە رێکخراوەییەکان دەبەستێت کە پێشوەختە لەو وڵاتانەی ئەورووپا جێگەی خۆیان بەهێزکردوووە و کاریان کردووە."
 
بەگوێرەی هەواڵگریی ئەڵمانیا، لە ئاداری 2026ـەوە ئێران پشتی بە هەڵمەتێکی وەرگرتن و دامەزراندن کردووە بەناوی )حەرەکەت ئەسحابولیەمین ئیسلامیە) و "ئەم گرووپە کەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیا لەنێو لایەنگرەکانی ئێران و شیعە تووندڕۆکاندا بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی چالاکییەکانی."