سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ رۆما دەبێتە رۆژەڤی میدیای ئیتاڵیا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەردانە فەرمییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رۆما و کۆبوونەوەی لەگەڵ سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا، بووەتە جێی بایەخی میدیا و ئاژانسە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە و بە گرنگییەوە تیشک دەخەنە سەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.
 
رۆژی سێشەممە 19-05-2026، ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیتاڵیا دیمەنی پێشوازیی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ڤیدیۆ بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە پێگەی فەرمیی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا کراوە.
 
رۆژنامە و ئاژانسە ناودارەکانی ئیتاڵیا بە بایەخەوە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان گواستەوە. رۆژنامەی (Il Sole 24 Ore) و ئاژانسی (Agenzia Vista) ڤیدیۆی پێشوازییەکەیان لە کۆشکی (کویریناڵێ) بڵاوکردەوە. 
 
 
لەو دیدارەدا، بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ئیتاڵیا بە پێزانینەوە دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان وەک "پارێزەر و لانکەی پێکەوەژیان و پێکهاتە جیاوازەکان" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
 
هەروەها ماڵپەڕی رۆژنامەی (Il Giornale d'Italia) کە رۆژنامەیەکی نێوداری ئیتاڵییە ڤیدیۆی پێشوازییەکەی بڵاوکردەوە. 
 
ئاژانسی (Agenzia Nova) ی ئیتاڵی کە یەکێکە لە ئاژانسە متمانەپێکراوەکانی ئەو وڵاتە و ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا و ڤاتیکان، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بوون.
 
 
نێچیرڤان بارزانی لە رۆما سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئیتاڵیا دووپاتکردەوە، بەتایبەتی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.
 
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە، ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی پەیوەندییەکی مێژوویی و تووندوتۆڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رۆڵێکی کارای لە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەدا هەبووە.