پووتین: دەتوانین نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی دەتوانێت نێوەندگیری نێوان ئێران و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بکات، ئاماژەی بەوەش کرد، مۆسکۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دانوستاندن بۆ رێککەوتنێک کە رێگە بە تاران بدات پەرە بە پرۆگرامێکی ئەتۆمیی ئاشتیانە بدات، لە هەمان کاتدا نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئیسرائیلیش بڕەوێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ژمارەیەک ئاژانسی هەواڵیی ئەنجامدا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە رووسیا کاردانەوەی چی دەبێت ئەگەر ئیسرائیل، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بکوژێت، پووتین گوتی: "نامەوێت تەنانەت باسی ئەگەرێکی لەو شێوەیەش بکەم."
خامنەیی داواکارییەکانی ئەمریکای بۆ خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر هێرشی زیاتری ئیسرائیل رەتکردووەتەوە و هۆشداری داوە کە هەر دەستوەردانێکی سەربازیی ئەمریکییەکان زیانێکی زۆریان پێدەگەیێنێت.
پووتین ئاشکرای کرد کە پێشنیازەکانی مۆسکۆی لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا باسکردووە و گوتی: "ئێمە هیچ شتێک بەسەر هیچ لایەنێکدا ناسەپێنین؛ تەنیا باس لەوە دەکەین کە چۆن رێگەیەکی دەرچوون لەم دۆخە دەبینین."
پووتین ئاماژەی بەوەدا کە رووسیا یارمەتیی ئێرانی داوە لە تەواوکردنی وێستگەیەکی کارەبای ئەتۆمی و ئێستاش کار لەسەر دروستکردنی دوو ریاکتۆری دیکە دەکات و گوتیشی: "کارەکان بەردەوامن و پسپۆڕەکانمان لەوێن. ژمارەیان زیاتر لە 200 کەسە. هەروەها لەگەڵ سەرکردایەتیی ئیسرائیل رێککەوتووین کە ئاسایشیان دەپارێزرێت."
لێدوانەکانی پووتین دوای ئەو پێشنیازەی نێوەندگیریی دێت کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کردبووی.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە گوتی کە بە پووتینی گوتووە سەرنجی لەسەر دۆزینەوەی کۆتاییەک بێت بۆ جەنگەکەی خۆی لەگەڵ ئۆکراینا.
پووتین جەختی لەوەش کردەوە کە رووسیا پەیوەندییەکی متمانەپێکراوی لەگەڵ ئێران هەیە و یەکەم وێستگەی ئەتۆمیی لە بوشەهر دروستکردووە.
لەبارەی پێدانی یارمەتی سەربازیش بۆ ئێران، پووتین ئاماژەی بەوە کرد، "دۆستە ئێرانییەکانمان داوای ئەمەیان لێنەکردووین."
رووسیا و ئێران پەیوەندییەکی ستراتیژییان لەنێوانیاندا هەیە، ئەم پەیوەندییەش لە ساڵی 2025دا لە رێگەی رێککەوتنێکی هاوبەشیی 20 ساڵەوە قووڵتر بووەتەوە کە بوارەکانی بەرگری، وزە، گواستنەوە و ئاسایشی سایبەری دەگرێتەوە.
پووتین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە بواری بەرگریی لەگەڵ ئێران هەیانە، هیچ مادەیەکی تێیدا نییە کە پەیوەندی بە بواری بەرگرییەوە هەبێت.
لە رووی سەربازییەوە، ئێران درۆن و مووشەک بۆ شەڕەکەی رووسیا لە ئۆکراینا دابین دەکات، لە کاتێکدا مۆسکۆ پشتیوانیی تەکنەلۆژیی سنووردار پێشکەش دەکات و خۆی لە پێدانی چەکی پێشکەوتوو دەپارێزێت، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو ئاڵۆز نەبێت.