وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئێران کۆدەبنەوە

روودو دیجیتاڵ
 
دیپلۆماتانی ئەورووپی رایانگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەرپرسی باڵای دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا، ئامانجیانە رۆژی هەینی لە جنێڤ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆی ئەتۆمی کۆببنەوە.
 
کۆبوونەوەکە هاوکاتە لەگەڵ بانگەوازی وڵاتانی ئەورووپا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری داوە کە تاوتوێی رێکاری سەربازی بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکات.
 
ئیسرائیل دەڵێت، ئامانج لە هێرشە ئاسمانییەکەی رێگریکردنە لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
 
ئێران یۆرانیۆمی بە رێژەی 60% پیتاندووە - کە زۆر لە سەرووی سنووری 3.67%ـەوەیە کە لە رێککەوتنی 2015 لەگەڵ زلهێزانی جیهان دیاریکرابوو، بەڵام هێشتا کەمترە لە ئاستی 90% کە بۆ کڵاوەی ئەتۆمی پێویستە.
 
فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا هەموویان واژۆکاری رێککەوتنەکەی 2015 بوون، کە ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لێی چووە دەرەوە.
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، دیپلۆماسی باشترین رێگەچارە دەمێنێتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکات.