هەڵوێستی ئیسرائیل لەسەر گوتارەكەی خامنەیی

رووداو- ئۆرشەلیم

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ، بەرپرسانی ئێران بەردەوامدەبن لەسەر پەرەدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و قسەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئەوە دەسەلمێنێت. لێدوانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر گوتارەکەی جەژنی عەلی خامنەیی بوو کە ئاماژەی بە بەردەوامی ئێران کرد لە پەرەپێدان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند" گوتارەکەی عەلی خامنەیی دەیسەلمێنێت کە ئێران ناگۆڕێت، ئەگەرچی وڵاتانی رۆژئاوا رێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵیدا واژۆکردووە". خامنەیی لە گوتاری جەژنی رەمەزاندا جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە، کە وڵاتەکەی سەرەڕای رێککەوتنە ئەتۆمییەکە لە هاوکاریکردنی دۆست و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەردەوامدەبێت.

هەروەها گوتیشی " ئەوانەی پێیانوابوو رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەدا گۆڕان دروستدەکات، رۆژی شەممە لە وتارە هێرشکارانە و تووندەکەی خامنەیی، وەڵامێکی تووندیان وەرگرت".

ناتانیاهۆ لە لێدوانەکەیدا کە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی کابینەی حکومەتی ئیسرائیلدا بوو، جارێکی دیکە هۆشداری دایە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا کە کاتێک سزاکان لەسەر ئێران هەڵدەگیرێن، ئەوا ئێران ئەو پارەیەی لەم رێگەیەوە دەستی دەکەوێتەوە بۆ بەهێزکردنەوەی "دامودەزگای تیرۆری" خۆیان بەکاری دەهێنن. 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەر لە سەرەتاوە دژبەرێکی سەختی دانووستاندنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و گرووپی وڵاتانی 5+1 بووە. لە رۆژی راگەیاندنی رێککەوتنەکەدا، ناتانیاهئ ئەو رێککەوتنەی بە "هەڵەیەکی مێژوویی و رێکەوتنێکی خراپ بۆ ناوچەکە و جیهان بە گشتی" لەقەڵەمدا.