فوئاد حوسێن بۆ سوێد: رێگرى بکەن لە دووبارە سووتاندنى قورئان

   
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى دەرەوەى عێراق داوا لە هاوتا سوێدییەکەى دەکات رێگرى بکەن لە دووبارەبوونەوەى هەڵسوکەوتى "نەشیاو" بەرامبەر بە  قورئان و ئایینى ئیسلام، وەک ئاماژەیەک بۆ هەڕەشەکەی سەلوان مۆمیکا، کە گوتوویەتی بەنیازە جارێکی دیکە قورئانی پیرۆز بسووتێنێت.
 
ئەو داواکارییە لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا بووە لە نێوان فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و تۆبیاس بیلسترۆم، وەزیرى دەرەوەى سوێد.
 
رۆژی 28ی حوزەیرانى رابردوو، سەلوان مۆمیکا، کە پەنابەرێکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییە لە سوێد، لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش ناڕەزایەتى لە عێراق و جیهاندا لێکەوتەوە.
 
سەلوان مۆمیکا هەڕەشەى کردووە کە 20ـى تەممووزى 2023، کۆپییەکی دیکەی قورئانی پیرۆز دەسووتێنێت، بەڵام ئەمجارە لەبەردەم باڵیۆزخانەى عێراق لە سوێد.
 
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق بە میدیاى فەرمیى وڵاتەکەی راگەیاندووە، هەردوولا باسیان لە هەڕەشەکەى مۆمیکا کردووە بۆ دووبارەکردنەوەى ئەو رووداوە بۆ سووتاندنى قورئان لەبەردەم باڵیۆزخانەى عێراق لە ستۆکهۆڵمى پایتەختى سوێد و داواى کردووە کە رێگرى بکرێت لە هەموو هەڵسوکەوتێکى "نەشیاو" لەدژى ئیسلام و قورئان.
 
لەو پەیوەندییەدا وەزیرى دەرەوەى عێراق باسی لە مەترسییەکانى ئەو دۆخە و دووبارەکردنەوەى ئەو هەڵسوکەوتە کردووە و بە "نەخشە بۆ داڕێژراو" ناوى بردووە بۆ هاندان بۆ تووندوتیژى و رقلێبوونەوە و رەگەزپەرستى.
  
بەگوتەى ئەحمەد سەحاف، وەزیرى دەرەوەى سوێد جەختى لەسەر پابەندیى حکومەتى وڵاتەکەى کردووەتەوە بە پاراستنى باڵیۆزخانەى عێراق لە ستۆکهۆڵم.
 
رۆژی 9ـى تەممووز، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، بە فەرمى داواى لە وەزارەتى دەرەوە کرد بە رێگە دیپلۆماسییەکان سەلوان مۆمیکا لە سوێدەوە بگەڕێنێتەوە.
 
بەهۆى ئەو رووداوەوە لە 19ى حوزەیرانی 2023 خۆپێشاندان لە بەغدا روویدا و خۆپێشاندەران چوونە ناو باڵیۆزخانەى سوێد لە بەغدا.