ترەمپ: باشترە ئێران وێستگەی ئەتۆمی نوێ بنیات بنێت نەوەک کۆنەکان نۆژەن بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو وێستگە ئەتۆمییانەی لە ئێران بۆردوومانیان کردن، بە تەواوی لەنێویان بردوون و بنیاتنانەوەشیان ساڵانێکی زۆری دەوێت.
رۆژی 13ی حوزەیران، ئیسرائیل بۆردوومانی ئێرانی کرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. جەنگی نێوانیان 12 رۆژ بەردەوام بوو و دواتر بە نێوەنگیری ئەمریکا جەنگەکە راگیرا. رۆژی 22ی هەمان مانگ، ئەمریکا بۆردوومانی هەریەک لە وێستگە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهانی کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "هەر سێ وێستگە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان بەتەواوی وێرانکرد و ساڵانێکی زۆری دەوێت بۆ دروستکردنەوەیان".
سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینەکەیدا دەشڵێت، "باشترە ئێران لە شوێنێ دیکە وێستگەی ئەتۆمی بنیات بنێت نەوەک هەوڵی نۆژەنکردنەوەی کۆنەکان بدات".
بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، پێش دەستپێکی جەنگی تاران و تەل ئەڤیڤ، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بوو بە رێژەی 60٪. لە رووی زانستییەوە، وڵاتەکە پێویستی بە نزیکەی مانگێک بوو بۆ ئەوەی بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات، ئەمە لە ئەگەری بوونی کەرەستە و ئامێری پێویست.
بەرپرسانی ئیسرائیل چەند جارێک ئەم هەوڵەی ئێرانییەکانیان بە مەترسی لەسەر وڵاتەکەیان زانیوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، هیچ کاتێک نابێت ئێران توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی هەبێت و ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم.