وەزارەتی دەرەوەی سوێد بۆ رووداو: نیگەرانین لە هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە رووداوی راگەیاند، نیگەرانن لە هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و جەخت لە چارەسەری کێشەی مووچە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەکەنەوە. هاوکات داوای راگرتنی تووندوتیژییەکان لە سوەیدای سووریا دەکات و پەرۆشیی خۆی بۆ پاراستنی مافی کورد لەو وڵاتەدا دووپات دەکاتەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیای رووداو رایگەیاند، ''سوێد بە نیگەرانییەوە سەیری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن''. دەشڵێت، ''سوێد لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و بە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات''.
لە ئێوارەی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە هێرشکراوەتە سەر 5 کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، کە کێڵگەکانی خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنک، باعەدرێ و پیشابوور بوون. کە بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوێد لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''هانی گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان هەردوولا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام و دادپەروەرانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەدەین''.
راگەیاندنی وەزارەتی دەروەوەی سوێد: بە پەرۆشین بۆ پاراستنی مافی کورد لە سووریا
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سوێد دەڵێت، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان لە سووریا دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە تووندوتیژی لە سوەیدا بووەستێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن. دەسەڵاتدارانی راگوزەر بەرپرسیارن لە کەمکردنەوەی گرژییەکان، گێڕانەوەی ئارامی و دڵنیابوونەوە لە لێپرسینەوە بۆ هەموو تاوانەکان. ئەمە پەیامێکە کە سوێد و یەکێتیی ئەورووپا بە روونی گەیاندوویانەتە دیمەشق، بەتایبەت سەبارەت بە کۆمەڵگە کوردییەکان."
وەزارەتی دەرەوەی سوێد ئاماژە بەوەش دەکات، "پێشهاتەکان جارێکی دیکە جەخت لە پێویستیی پرۆسەیەکی سیاسیی پتەو و گشتگیر و رێزگرتنی تەواو لە مافەکانی مرۆڤی هەموو سووریاییەکان بەبێ جیاوازی دەکەنەوە. پێویستە لەلایەن دراوسێکانیشییەوە رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت."
رۆژی 13ی ئەم مانگە، تووندوتیژییەکان لەنێوان چەکدارە دروزەکان و دەشتەکییەکانی سوەیدا دەستیپێکرد. بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا لانیکەم 950 کەس کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
دوای دەستپێکی شەڕەکە، ئیسرائیل بۆردوومانی ژمارەیەک دامەزراوە و هێزی نزیک لە حکومەتی سووریای لە دیمەشق و سوەیدا کرد، ئەمە وەکو پاڵپشتییەکی تەل ئەڤیڤ بۆ دروزەکان.