پاریس داوا لە هەموو لایەنەکانی سووریا دەکات بە تەواوی پابەندی ئاگربەست بن
رووداو دیجیتاڵ
پاریس داوای لە هەموو لایەنەکان دەکات رێز لەو ئاگربەستە بگرن کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە لە پارێزگەی سوەیدا راگەیێندراوە، ئەو پارێزگەیەی کە تێیدا پێکدادان لەنێوان چەکدارانی دروز و هۆزە دەشتەکییەکانی نزیک لە دەسەڵات بەردەوامە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: "فەرەنسا پێشوازی لە راگەیاندنی ئاگربەست لە سوەیدا دەکات. هەروەها داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە تەواوی پابەندی بن و خۆیان لە هەر هەنگاوێکی تاکلایەنە بەدوور بگرن. پێویستە شەڕ و کاری تووندوتیژی دەستبەجێ بوەستێندرێن".
گوتەبێژەکە هاوکات داوای کردنەوەی "رێڕەوێکی مرۆیی" کرد بۆ ئەوەی یارمەتی بگاتە ئەو ناوچە زۆرینە دروزە.
گوتەبێژەکە گوتیشی: "فەرەنسا جەخت لە گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی راگوزەر دەکاتەوە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لەو پێشێلکارییە قبووڵنەکراوانەی بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل کراون، کە دەبێت ئەنجامدەرانیان بدۆزرێنەوە و بەپەلە بدرێنە دادگە".
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گرووپە چەکدارە دروزییەکان و شایەتحاڵەکان، هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانە دەشتەکییە سوننەکانیان بە چەندین پێشێلکاری لە شاری سوەیدا تۆمەتبار کرد، دوای ماوەیەکی کورت لە جێگیربوونیان لەو شارەدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، وڵاتەکەی "داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات ئاسایش و مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بپارێزن، لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنانەی کە سەرۆک ئەحمەد شەرع داویەتی".
رۆژی هەینی، حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو حکومەتە راگوزەرەی دیمەشق کە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت و هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەدات، پشتیوانیی بەرلین بەدەستناهێنێت، ئەگەر رێگری لە چەوساندنەوەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان نەکات.