بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 دوورگەی لوومبۆکی ئەندەنووسیای هەژاندەوە

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە دوورگەی لوومبۆکی ئەندەنووسیای هەژاند، ئەمەش دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە لە هەمان دوورگەی دا و سەدان کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

بەپێی داتاکانی سەنتەری جیۆلۆجیی ئەمریکا، سەنتەری بوومەلەرزەکە لە قووڵایی حەوت کیلۆمەتر بووە و باکووری رۆژهەڵاتی دوورگەکەی هەژاندووە. تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی بوومەلەرزە بڵاونەکراونەتەوە.

ئاگوس سەلیم، یەکێک لە دانیشتووانی دوورگەکە دەڵێ "من، ئۆتۆمبێلەکەمم لێدەخوڕی بۆ ئەوەی یارمەتی بگەیەنمە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی پێشوو، کاتێک لەناکاو ستوونەکانی کارەبا لەرزانەوە، لەوکاتەدا زانیم ئەمە بوومەلەرزەیەکی دیکەیە. ئەوکاتەش خەڵک دەستیان بە هاوار و قیژەلێدان کرد و هەموویان رایانکردە دەرەوە".

پێش دوو هەفتە بوومەلەرزەیەکی بەهێزی دیکە بە گوڕی 6.9 پلەی رێختەر لە دوورگەکەی دا، لەئەنجامدا 430 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش لە سەرانسەری دوورگەی لوومبۆکی گەشتیاری بێ ماڵوحاڵ مانەوە.