لە ئەمریکا 13 هەزار کرێکار داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

دوای 35 ساڵ بۆ یەکەمجارە، 13 هەزار کرێکاری سێ کۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئەمریکا داوای زیادکردنی مووچەکانیان بکەن و پێکەوە مانگرتن رابگەیێنن؛ تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکانیان وەڵامیان نەداونەتەوە و کرێکارەکانیش دەڵێن: "بەردەوام دەبین لە مانگرتن." 
 
لە دوای ساڵی 1988ـەوە، تاوەکو ئێستا کرێکارانی ئەمریکا بۆ زیادکردنی مووچە مانگرتنیان ئەنجامنەداوە، ئێستا نزیکەی دوو مانگە کرێکارانی هەر سێ کۆمپانیا گەورەکەی ئۆتۆمبێل (جێنراڵ مۆتۆرز، فۆرد و ستێلانتیس) داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن. 
 
شان فەین، سەرۆکی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلی ئەمریکا لەبارەی مانگرتنەکەوە دەڵێت: "هۆکاری ئەوەی کە ئێمە لەم بارودۆخەداین ئەوەیە کە هەر سێ کۆمپانیا گەورەکە چاوەڕوانییان هەڵبژاردووە، بڕیاریان داوە هیچ دانوستاندنێک نەکەن."
 
کۆمپانیاکانی (جێنراڵ مۆتۆرز، فۆرد و ستێلانتیس) زیاتر لە 600 هەزار کرێکار و کارمەندیان هەیە و لە 10 ساڵی رابردوودا لە ئەمریکا 250 ملیار دۆلار قازانجییان کردووە. بە تەنیا لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 21 ملیار دۆلار قازانجیان هەبووە.
 
ئێریک گۆردن، مامۆستای زانکۆی مێشیگانە لە کۆلێژی بازرگانی و دەڵێت: لە روانگەی کرێکارانەوە، مانگرتنەکان بۆ پارێزگاریکردنە لە کارەکان و داهاتوویان. بۆ کۆمپانیاکانیش، بابەتەکە پەیوەستە بەوەی کە بتوانن توانای رکابەری خۆیان بپارێزن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە کرێکارانیان لە دەرەوەی یەکێتیی کرێکارانن کە قازانجێکی زۆر باشیان کردووە و پشکێکی زیاتری بازاڕیشیان بەدەستەوە گرتووە. 
 
یەکێتیی کرێکارانی کەرتی ئۆتۆمبێل هۆشدارییان داوە کە بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکانیان تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت؛ یەکێک لە داواکارییەکانیان زیادکردنی مووچەکانیانە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەڕێژەی 40٪. تاوەکو ئێستاش، سێ کۆمپانیاکە رازیبوون تەنیا 20٪ـی مووچەی کارمەندەکانیان زیادبکەن.