تاڵیبان کتێبی نووسەرانی ژن لە زانکۆکان قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی تاڵیبان بە فەرمانێکی نوێ، خوێندنی ئەو کتێبانەی کە نووسەرەکانیان ژنن، لە سیستەمی خوێندنی زانکۆکانی وڵاتەکە لابرد. ئەم بڕیارە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ قەدەخەکردنی وانەکانی مافی مرۆڤ و دەستدرێژیی سێکسی لە زانکۆکاندا.
نزیکەی 140 کتێب کە لەلایەن ژنانەوە نووسراون، لەوانەش کتێبێک بە ناونیشانی "سەلامەتی لە تاقیگەی کیمیاییدا"، لەنێو ئەو 680 کتێبەدان کە تاڵیبان لە زانکۆکان لایبردوون بە بیانووی، "دژایەتی شەریعەت و سیاسەتەکانی تاڵیبان".
بەرپرسێکی تاڵیبان بە بی بی سی راگەیاندووە، بە زانکۆکان گوتراوە کە چی دیکە رێگەیان پێنادرێت 18 بابەتی زانکۆ بڵێنەوە، چونکە "لەگەڵ بنەماکانی شەریعەت و سیاسەتی سیستم ناگونجێن". شەش لە 18 بابەتی قەدەخەکراو بەتایبەتی لەسەر ژنانن، لەوانەش: جێندەر و گەشەپێدان، رۆڵی ژنان لە پەیوەندیکردن و کۆمەڵناسیی ژنان.
ئەم فەرمانە دوایین زنجیرە لەو کۆتوبەندانەیە کە تاڵیبان لە دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات لە چوار ساڵی رابردوودا جێبەجێی کردوون.
تەنیا لەم هەفتەیەدا، بە فەرمانی سەرۆکی باڵای تاڵیبان ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە لانیکەم 10 پارێزگا قەدەخەکرا، بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن، هەنگاوەکە بۆ رێگریکردنە لە "بێ رەوشتی".
هەرچەندە ئەو یاسایانە کاریگەرییان لەسەر زۆرێک لە لایەنەکانی ژیان هەبووە، بەڵام ژنان و کچان بەتایبەتی زەرەرمەند بوون، لەوانە بێ بەشکردنیان لە خوێندن لە دوای پۆلی شەشی بنەڕەتی.
حکومەتی تاڵیبان رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوانە رێزگرتنن لە مافەکانی ژنان، کولتووری ئەفغانی و یاسای ئیسلامی.
ئەندامێکی لیژنەی پێداچوونەوەی کتێبەکان قەدەخەکردنی ئەو کتێبانەی لەلایەن ژنانەوە نووسراون پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "هەموو ئەو کتێبانەی کە لەلایەن ژنانەوە نووسراون، رێگەپێدراونین بۆ خوێندن".
زاکیا عادلی، جێگری پێشووی وەزیری داد پێش گەڕانەوەی تاڵیبان و یەکێک لەو نووسەرانەی کتێبەکانی لە لیستی قەدەخەکراواندا بوون، دەڵێت، بەو بڕیارە تووشی سەرسوڕمان نەبووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاڵیبان لە چوار ساڵی رابردوودا کردوویەتی، چاوەڕوانکراو بوو گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندندا بسەپێنن."
زیائەرحمان ئەریووبی، جێگری بەڕێوەبەری ئەکادیمی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی تاڵیبان، لە نامەیەکدا بۆ زانکۆکان رایگەیاندووە، بڕیارەکان لەلایەن لیژنەیەک لە "زانایانی ئایینی و شارەزایان" دراون.
بڕیارەکە هەندێک مامۆستای نیگەران کردووە و پرۆفیسۆرێک لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەفغانستان لەبارەی بڕیارەکەوە بە میدیای بەریتانیای راگەیاندووە، "لابردنیان بۆشاییەکی بەرچاو لە خوێندنی باڵادا دروست دەکات."