دوو کورد لە نەرویج بوونە پەرلەمانتار: هەوڵ دەدەین پردێک بین بۆ ئاشناکردنی نەرویجییەکان بە کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
لە نەرویج رۆژانی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، 8 کورد بەربژێر بوون و دوویان دەرچوون، کە پێشتریش پەرلەمانتار بوون.
مانی حوسەینی پەرلەمانتارێکی چالاک و ناسراوە و زۆریش کاری بۆ کورد کردووە لە نەرویج. ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو، باسی لە پلان و ئامانجەکانی کرد بۆ خزمەتکردن بە نەرویج و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی نەرویج ئاماژەی بەوە دا کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان نەرویج و کوردستانە، بە شانازییەوە باسی سەردانەکەی بۆ هەولێر کرد، کە تێیدا چاوی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوتووە. گوتیشی، "دەمەوێت لەم چوار ساڵەدا پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین."
سەبارەت بە پرسیارێک دەربارەی ئەو شتانەی کە وەک کوردێک لە پەرلەماندا دەیەوێت بیکات، حوسەینی روونیکردەوە کە ئەوان وەک دوو کوردی ئەندامی پەرلەمان، کە هەردووکیان سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتن، هەوڵدەدەن وەک "پردێک" کار بکەن بۆ زیاتر ئاشناکردنی نەرویجییەکان بە کوردستان. هەروەها باسی لەوە کرد، نزیکەی 3000 کورد لە نەرویج دەژین کە لە چوار پارچەی کوردستانەوە هاتوون و زۆر لە سیاسییە نەرویجییەکان دەیانەوێت زیاتر لەبارەی کوردستانەوە بزانن.
حوسەینی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان کردەوە، بەتایبەت لە بواری وزەدا، نەرویج وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و وزەی کارەبا، پێی وایە کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی نەرویج وەربگرێت لەم بوارەدا و دەڵێت، "دەمەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان لە بواری وزەدا بەهێزتر بکەین، نەرویج شارەزاییەکی زۆری هەیە لەم بوارەدا و دەتوانین ئەو شارەزاییە هەناردەی کوردستان بکەین."
پەرلەمانتارە کوردەکەی نەرویج باسی لەوەش کرد، ئەو وڵاتە زیاتر لە 100 ساڵە وڵاتێکی دیموکراسییە و ئەزموونی باشی هەیە، لە کاتێکدا دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کەمە، ئەو پێیوایە کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونی دیموکراسیی نەرویج وەربگرێت و ئەوانیش ئامادەن هاوکاری بکەن، "نەرویج وڵاتێکی دەوڵەمەندە و دیموکراسییەکی ریشەداری هەیە، ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی کوردستان لە گەشەپێدانی دیموکراسیدا."
لە کۆتایی قسەکانیدا، حوسەینی تیشکی خستە سەر رۆڵی خۆی وەک کوردێک لە پەرلەمانی نەرویج و ئامانجی بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگەی کوردی لەو وڵاتە، ئەو دەیەوێت منداڵانی پەنابەران و کۆمەڵگەی کوردی هانبدات ببنە سیاسی، پارێزەر، پزیشک و لە بوارە جیاوازەکاندا سەرکەوتوو بن، "دەمەوێت منداڵانی پەنابەران هاوکاری بکەم بۆئەوەی لە نەرویج ببنە کەسایەتیی سەرکەوتوو و بەشێک لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی."
دەشڵێت، "بەڵام گرنگتر لە هەموو ئەمانە، وەکو سیاسییەک دەمەوێت بڵێم، شانازی بەوەوە دەکەم کە کوردم."