تاڵیبان پیاو و ژنێکی بەریتانیی ئازاد کرد
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی تاڵیبان رایانگەیاند، رۆژی هەینی، ژن و پیاوێکی بەریتانییان ئازاد کردوون، کە نزیکەی 8 مانگ بوو دەستبەسەر بوون.
شوباتی ئەم ساڵ، لە ئەفغانستان پیتەر رینۆڵدی تەمەن 80 ساڵ و بارباری هاوژینی کە تەمەنی 76 ساڵە، لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیر کران. کاتێک دەیانویست لە یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکە بگەڕێنەوە بەریتانیا.
دوای ئازادکردنیان، باربارا لە فڕۆکەخانەی کابووڵ رایگەیاند، "زۆر بە باشی مامەڵەمان لەگەڵدا کرا. دەمانەوێت منداڵەکانمان ببینینەوە." گوتیشی، "لە داهاتوودا، ئەگەر توانیمان دێینەوە ئەفغانستان. ئێمە هاووڵاتیی ئەفغانین."
باربارا و رینۆڵدی هاوژینی لە ساڵی 1970 لە کابووڵ هاوسەرگیرییان کرد. دوای بەسەربردنی دوو دەیە لە ژیان لەو وڵاتە، وڵاتینامەی ئەفغانستانیان وەرگرت. پێش ئازادکردنیان، چەند جارێک کەسوکاری هەردوولایان بەهۆی خراپیی تەندروستییانەوە داوای ئازادکردنیانی کردبوو.
عەبدولقەهار بەلخی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، پیاو و ژنەکەیان رادەستی ریچارد لیندسای، نوێنەری تایبەتی بەریتانیا لە ئەفغانستان کرد. گوتیشی، ئازادکردنەکە دوای دادگەییکردنیان بووە. ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری دەستگیرکردنیان ئەوە بوو کە یاساکانی ئەفغانستانیان پێشێل کردبوو.
کۆتایی تەممووزی ئەم ساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەردوو هاووڵاتییە بەریتانییەکەی کردبوو، ئەمە بە بیانووی خراپیی تەندروستییانەوە. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان جەختی لەوەش کردەوە، دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتییەکە سیاسی نەبووە.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد، رایگەیاند، هەردوو هاووڵاتییەکە بە نێوەندگیریی وڵاتەکەیان ئازاد کران.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، دەیان هاووڵاتیی بیانی لە ئەفغانستان دەستگیر کراون بەبێ ئەوەی دادگەیی بکرێن.