وەزیری دەرەوەی ژاپۆن: داننان بە دەوڵەتی فەلەستین پەیوەستە بە کاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ژاپۆن پشتڕاستی کردەوە، دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێن، بەڵام گوتی، داننانەکە "پەیوەستە بە کاتەوە."
 
رۆژی هەینی 19ی ئەیلوولی 2025 تاکێشی ئیوایا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن لەبارەی داننان بە دەوڵەتی فەلەستین دا گوتی، "پرسەکە بۆ ئێمە ئەوە نییە کە ئایا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێین یان نا، بەڵکو پەیوەستە بە کاتەکەی."
 
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن داوای لە ئیسرائیل کرد هەنگاو بنێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە و داواشی لێکرد، خۆی لە هەنگاوی تاکلایەنە بپارێزێت.
 
تاکێشی ئیوایا روونیکردەوە، ئەگەر ئیسرائیل هەنگاوی زیاتر بۆ رێگری لە دەوڵەتی فەلەستین بگرێتەبەر، ئەوا ئەوان جگە لە داننان بە دەوڵەتی فەلەستین، هەنگاوی زیاتر دەگرنەبەر.
 
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن هەفتەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، وڵاتەکەی "هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر" دەکات، کە تێیدا کاتێکی گونجاو و میکانیزمێکی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین لەخۆدەگرێت.
 
میدیای ژاپۆنی لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتەوە بڵاویکردەوە، تۆکیۆ لەم کاتەدا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نانێت، رەنگە ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و رێگری لە هەڵوێستی تووندی ئیسرائیل درابێت.
 
چەندین حکومەت، لەوانەش بەریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا و ئوسترالیا، لە کۆبوونەوەکانی ئەم مانگەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت.
 
میدیای ژاپۆن دەڵێت، ئەمریکا لە رێگەی چەندین کەناڵی دیپلۆماسییەوە داوای لە ژاپۆن کردووە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نەنێت، بەڵام ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، داوای لە هاوتا ژاپۆنییەکەی کردووە دانپێدانانەکە رابگەیێنێت.
 
زۆرینەی رەهای وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیرییان لە بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت کردووە، کە تێیدا ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بە ئاشتی و ئاسایش لە تەنیشت یەکدییەوە بژین.