ئامارەکانی کۆچبەری: ئەڵمانیا زیاتر هاووڵاتییانی تورکیا و عێراق رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی مالتیزەی ئەڵمانی (Malteser) لە راپۆرتی ساڵی 2025ی خۆیدا، ئامارە فەرمییەکانی کۆچبەری رادەگەیێنێت و دەڵێت، لە ساڵی 2024دا ژمارەی رەتکردنەوەی پەناخوازان لە ئەڵمانیا زیاترە لە ژمارەی ئەو پەناخوازانەی مافی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە. ئەوەش دەخاتەڕوو، لە هەموویان زیاتر هاووڵاتییانی تورک و عێراقی بڕیاری نەرێنی وەردەگرن.
لە 18ی ئەیلوولی 2025 رێکخراوی مالتیزەی ئەڵمانی نوێترین راپۆرتی کۆچبەریی بڵاوکردەوە و وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی نارد.
پرۆفیسۆر لارس فێڵد، سەرنووسەر و لێکۆڵەرەوەی راپۆرتەکە، لەسەر بنەمای ئامارە فەرمییەکان و ئامارەکانی چەندین دامەزراوەی حکومی، دۆخی کۆچبەری و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی کار و سیستمی پەروەردە شیدەکاتەوە.
لە 83 ملیۆن ئەڵمانی، 25 ملیۆنیان پەناخوازن
ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا لە ساڵی 2024دا نزیکەی 83.6 ملیۆن کەس بووە. نزیکەی 14 ملیۆن بیانی لەو وڵاتەدا نیشتەجێبوون. لە کۆی گشتیی هاووڵاتییانی ئەڵمانیا، 25 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە پەناخواز بوون یان نەوەی پەناخواز بوون.
لە ساڵی 2024دا 1.7 ملیۆن کەس کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا، کە 12% کەمترە لە ساڵی 2023. لە بەرامبەردا، لە هەمان ماوەدا 1.3 ملیۆن کەس ئەڵمانیایان جێهێشتووە. پار لە سەرانسەری ئەڵمانیاش 250 هەزار و 900 داوای مافی پەنابەری کراوە. بە گشتی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، سێ ملیۆن و 300 هەزار کەس پێویستیان بە پەنادان هەبووە. لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو مانگی ئایاری ئەم ساڵیش، 62 هەزار کەس داوای مافی پەناخوازییان کردووە.
پەناخوازێک چ یارمەتییەک وەردەگرێت؟
مالتیزە دەڵێت، لەسەر بنەمای یاسای پەناخوازی، نزیکەی 523 هەزار پەناخواز یارمەتیی داراییان لە حکومەتی ئەڵمانیا وەرگرتووە، کە ئەمەش 8% زیاد بووە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا یارمەتییەکان کەم کراونەتەوە.
جگە لە شوێنێک لە کەمپێکی پەناخوازان، پەناخوازان یارمەتیی مادیی زیاتر لە یارمەتیی دارایی وەردەگرن.
بەپێی یاسای پەناخوازی، لە ساڵی 2023دا هەر کۆچبەرێکی سەروو 18 ساڵ کە داوای مافی پەناخوازیی کردووە، مانگانە 410 یۆرۆی وەرگرتووە. دوو کەس کە پێکەوە دەژیان، 369 یۆرۆ بۆ هەر یەکێکیان خەرج دەکرا. بۆ هەر گەنجێکیش کە لەنێوان 14 بۆ 17 ساڵیدا بێت 364 یۆرۆ.
بۆچی کۆچبەرانی ئۆکراینی پارەی زیاتر وەردەگرن؟
زۆرینەی کۆچبەرانی ئۆکراینی لە ساڵی 2022 چوون بۆ ئەڵمانیا، کە ژمارەیان 1.1 ملیۆن بوو، لە ساڵی 2023 بووە یەک ملیۆن و 150 هەزار ئۆکراینی.
لەگەڵ هاتنی کۆچبەرانی ئۆکراینا، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری دا یارمەتییەکانیان هاوشێوەی پەناخوازانی دیکە نەبێت. ئۆکراینییەکان زیاتریان وەردەگرت، چونکە ئەوان وەکو هاووڵاتییانی ئەڵمان هەژمار کرابوون. بەم شێوەیە ئەوان پارەی هاووڵاتییان (Bürgergeld) وەردەگرت، کە مانگانە دەبووە 502 یۆرۆ بۆ هەر کەسێکی سەروو 18 ساڵ.
گۆڕینی یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆکراینییەکان
بەشێک لە دەسەڵاتداران داوای کەمکردنەوەی یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆکراینییەکان دەکەن. ئەوان دەیانەوێت ئۆکراینییەکان وەک هاووڵاتییانی بێکار یارمەتی وەربگرن، بەڵام CDU دەیەوێت ئەوانیش وەک هەر پەناخوازێکی ئاسایی پارە وەربگرن.
ئەڵمانیا زیاتر پەناخوازانی رەتکردووەتەوە
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، وەزارەت و دامەزراوەکانی کۆچ و پەنابەران بەم شێوەیە بڕیاریان لەسەر داواکانی مافی پەناخوازی داوە. لە ساڵی 2024دا زۆرینەی ئەو کەسانەی وەک پەناخواز قبووڵ کراون لە وڵاتی ئەریتیریا بوون. وەک ریزبەندییەکەش دەریدەخات، کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر بڕیاری نەرێنی یان رەتکردنەوەیان وەرگرتووە.
تورکیا و پاکستان: 67%
عێراق: 55%
ئێران: 52%
لە سووریاش، تەنیا رێژەیەک بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازترە لە وڵاتانی دیکە، ئەویش رێژەی ئەو کەسانەیە کە مافی پەناخوازیی کاتییان وەرگرتووە. بەپێی یاسای پەناخوازیی ئەڵمانیا، 77%ی سووریایی و کوردانی رۆژئاوای کوردستان تەنیا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو مافی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە، چونکە مەترسییەکانی وەک لەسێدارەدان، ئەشکەنجەدان یان مامەڵەیەکی نامرۆڤانە و تووندوتیژییان لەسەرە.
زۆرینەی کۆچبەرانی ئەفغان کوڕی گەنج بوون
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، دووەم گەورەترین گرووپی کۆچبەران ئەفغان بوون. زۆرینەی 322 هەزار و 600 ئەفغان کە داوای پەناخوازییان کردبوو، کوڕی گەنج بوون.
لە کام وڵاتانی ئەورووپا زیاتر داوای پەناخوازی تۆمار کراوە؟
رێکخراوی مالتیزە لەسەر ئاستی ئەورووپاش ئاماژە بە دۆخی پەناخوازیی دەکات و دەڵێت، لە ساڵی 2024دا 997 هەزار کەس داوای مافی پەنابەرییان کردبوو. 92% یان کە دەکاتە 912 هەزار کۆچبەر، بۆ یەکەمجار لە وڵاتانی ئەورووپا داوای مافی پەنابەرییان کردبوو، تەنیا 437 هەزار و 900 کەس بڕیاری ئەرێنییان وەرگرتبوو.
لە سەرانسەری ئەورووپادا لە هەموو ئەندامان زیاتر لە قوبرس، یۆنان و ئایسلاند داوای مافی پەناخوازی تۆمار کراوە.
رێکخراوی مالتیزەی ئەڵمانی (Malteser)، رێکخراوێکی کریستیانە لە سەرانسەری ئەڵمانیا چالاکە و لە بواری هاوکاری مرۆیی و بە تایبەتی بواری کۆچبەر و پەناخوازان کار دەکات. رێکخراوەکە لە ساڵی 1953 دامەزراوە.