نامەی هاوژینی سەربازێکی ئەمریکا بۆ کورد
رووداو- CNN
هاوژینی سەربازێكی پێشووی ئەمریکا نامەیەکی پڕ سۆز بۆ کورد دەنێرێت و دەڵێت، "هەموو ئەو 14 ساڵەی سەربازانمان لەگەڵ ئێوە لە شەڕ دژی تیرۆر و ستەم کردیان، بە تویتێک رۆیشت".
نامەی ئەو ژنە لە میدیای ئەمریکیدا دەنگی داوەتەوە، هەرچەندە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دەڵێت هاوژینەکەی سەرباز بووە لە پرۆسەی ئازادی عێراق، کورد هاوکاری بوونە بۆ گەڕانەوەی بۆ نێو خێزانەکەی بە سەلامەتی، بۆیە وەکو ئەو ژنە دەڵێت تا ماوە سوپاسی کورد دەکات، لەو دۆخەشدا نزا بۆ کورد دەکات کە بەردەوام سەلامەت بن و هیچ هەڕەشەیەک لەسەر کورد نەبێت .
ئازیزان سەربازانی کورد
ئێوە من ناناسن، بەڵام من لەوەتەی پێگەیشتووم ئێوە دەناسم، راستەوخۆ دوای هاوسەرگیری من و هاوژینە سەربازەکەم نێردرا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئەوەی بەشداری لە هێرشی ساڵی 2003ـی سەر عێراق بکات، ترسم هەبوو ئەو و هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا رووبەڕووی چی دەبنەوە کاتێک دەگەنە ئەو ناوچەیە.
دەبێت شەڕ چەند سەخت بێت؟ چەند لەوێ دەمێنێتەوە؟ رزگاری دەبێت؟
دوای چەندین مانگ گەڕایەوە لام و پێکەوەبووین باسی ئەزموونی خۆی بۆمن کرد، من پرسیارم لێیکرد، رەوشی چۆن بوو لەوێ، بەوشێوەیە وەڵامی دامەوە "هاوکاری کراین، کورد هەبوون هاوکاریان کردین".
ئەو چیرۆکی ئەوەی بۆ گێڕامەوە چۆن کورد لە باکووری عێراق پاڵپشتی سەربازانیان کردووە، ئامۆژگاریان کردوون، لەگەڵیان بوون، شان بەشانی یەکدی شەڕیان کردووە، بوونەتە هاوپەیمان و دۆست، منیش سوپاسگوزاربووم ، زۆر سوپاسم کردوون، تا هەتایە ستایش و سوپاستان دەکەم .
لەوکاتەوە وشەی کورد لەماڵەکەم مانایەکی دیکەی هەبوو،مانای هاوپەیمانی و دۆست بوو بۆ من ، هەندێک وێنەی هاوژینەکەم و کورد هەبوون پێکەوە، وێنەی ئەو و کورد لە ماڵەکەم هەڵواسرابوو، کوپێکی قاوەم هەبوو کە وێنەی ژنێکی سەربازی کوردی لەسەر بوو، من بە شانازیەوە ئەو کوپە بۆ بیرهێنانەوەی ئێوە بەکاردێنم، منداڵەکانم بە جلوبەرگی نەخشێنراوی کوردیەوە یاری تۆپی پێ دەکەن .
خەڵکی کوردستان، بێ ناو نین، بێ رەنگ نین لە جیهان، ئێوە لەماڵەکەی من جێگەی رێز و شکۆن، بۆ من زۆر گرنگە کە بزانن، من زۆر قەرزارتانم ، هاوژینەکەم ئەمڕۆ دوای چەندین ساڵ شەڕ ، سەلامەتە دەزانم ئێوە هاوکاریتان کرد.
بەڵام ئێستا من هەواڵی زۆر ناخۆش دەبیستم، دەبینم پەیمان دەشكێنرێن، پێشکەوتن نامێنێت، ساڵانێک کارکردنی پێکەوەیی و قوربانیدانی بێوێنە بە تویتێک رۆیشت، دەبینم خیانەت لە هاوپەیمانانمان دەکرێت، خیانەت لەو رووخسارانە دەکرێت لەنێو چوارچێوەی وێنەکانی ماڵەوەم دان ، لەکاتێکدا سەیری تەلەفزیۆن دەکەین، منداڵەکانم رووم تێدەکەن و دەپرسن، ئەوانە دۆستی ئێمە نەبوون؟ دەڵێم بەڵێ، دواتر شێواوی لە رووخساریان دەبینم.
ناتوانم بیهێنمە بەرچاوم خێزانەکانتان لە چ دۆخێکدان، ناتوانم پێشبینی بکەم لە چ دۆخێکدان، ناتوانم پێشبینی ئەو شتانە بکەم، چونکە بە درێژایی 17 ساڵی رابردوو شەڕتان کرد بۆ هاوکاری ئێمە ، بۆ ئەوەی رێگەنەدرێت هێرش بکرێتە سەر خاکی ئێمە، دەشزانم ئێستا سەلامەتی ئێوە مەترسی لەسەرە، ئەوە دڵم دەشكێنێت.
من لە کوێ هاتووم، وشەی کەسێک مانایەکی دەبێت، شکۆ و سەروەریمان هەموو شتێکە، دەزانم بۆ ئێوەش هەروایە، بە خوێندنەوەی رۆژنامەکانی جیهان، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت، وڵاتەکەم پشتی لە کورد کرد، ئەوەش بەڕاستی ناخهەژێنە.
بڕیاری بەپەلەی هاوشێوە نەک هەر خەڵكی ئێوەی خستووەتە رەوشێکی زۆر مەترسیدار، بەڵکو رەوشێکی بۆ سەربازانی ئێمەش دروست کردووە لەسەر سنووری تورکیا و سووریا کە زۆر زەحمەتە، هاوژینەکەم لەسەر ئەو سنوورە لەگەڵ ئێوە بوو ، زۆر لە مێژ نییە، بۆیە ناتوانم ئەوە بهێنمە پێش چاو سەربازان و خانەوادەکانیان چ هەستێکیان هەیە ئێستا.
پرسەکە تەنیا سەلامەتی نییە، بەڵکو زۆر قورسە خەمڵاندن بۆ هەستی سەربازانی ئەمریکی بکەین کە چۆن هاوبەش و هاوپەیمانێک داوای هاوکاری دەکات ، رێگەیان پێنادرێت وەڵامدەر بن بۆ هاوکاریان، قورسە ئەوە بهێنینە پێش چاو کە ئێوە روو لە پووتین و رژێمی ئەسەد دەکەن بۆ پاڵپشتی، چونکە چیدیکە ناتوانن پشت بە بەڵێنەکانی ئەمریکا ببەستن.
من نیگەرانی سەلامەتی ئێوە و خێزانەکانتانم، نیگەرانی ناسەقامگیری ناوچەکە و داهاتووی ئەو ناوچەیەم کە دەبێت چۆن بێت.
نیگەرانی هەزاران چەکداری داعشم کە زۆر بە زەحمەت توانرا دەستگیربکرێن، نیگەرانی ئەوەم کە ئێوە دەبێت ئەو شوێنانە بەجێبێڵن بۆ بەرگریکردن لە خۆتان، ناتوانم بیهێنمە بەرچاوم کە چۆن هەڕەشە لەسەر هەموومان دروست بووە، سەیری رووخساری هاوژینەکەم دەکەم کاتێک سەیری هەواڵەکان دەکات، تەنیا وشەیەک بێتە هزرمان ئەوەیە بڵێین " داوای لێبوردن دەکەین".
من ئەمڕۆ بەناوی خێزانەکەم بۆتان دەنووسم، پێتان دەڵێم سوپاس بۆ هەموو ئەو شتانەی بۆ ئێمەتان کرد، سوپاس بۆ دۆستایەتیتان، سوپاس بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانتان و شەڕکردنتان شان بەشانی ئێمە، بۆ مانەوەتان لەگەڵمان ساڵ لە دوای ساڵ، ئێوە نزای منتان هەیە ئەمڕۆ، نزا بۆ ئەوە دەکەم کە سەلامەتیتان بۆ بگەڕێتەوە، سوپاس بۆ خێزانەکانتان کە قوربانیان دا لەگەڵ ئێوە، وایان کرد ئەو هاوبەشیە دروست بێت
نزا دەکەم بگەڕێینەوە لای یەکدی ، پاڵپشتی ئێوە بکەین، بۆ ئەوەی بڵێین هەموو ئەوەی کرا بە فیڕۆ نەرۆیشت.
هەمیشە لەگەڵتانم
هاوژینێکی بەوەفا