عەبدوڵڵا موهتەدی داوا لە وڵاتانی رۆژئاوا دەکات باڵیۆزەکانیان لە ئێران 'بانگ بکەنەوە'
رووداو دیجیتاڵ
رەوەندی کوردی و ئێرانی لە وڵاتانی رۆژئاوا چەندین دروشمیان دژی حکومەتی ئێران بەرزکردووەتەوە، یەکێک لەو دروشمانەش "چاوی خۆتان بکەنەوە"یە. رەوەندی کوردی و ئێرانی دەیانەوێت پاڵپشتیی زیاتر لەو وڵاتانە ببینن بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، نەک پشتیوانیی سیمبولی.
نەرگس ئیسکەندەری، سەرۆکی شارەوانیی فرانکفۆرتی ئەڵمانیا دەڵێت، "بەو شێوەیە داکۆکیمان لێ مەکەن. نامەوێت خەڵک بێن و قژیان بە مەقەست ببڕن و وەکو پاڵپشتی لە ژنانی ناڕازیی ئێران لە قەڵەم بدرێن. دەمەوێت باڵیۆزخانەکانی ئەو حکومەتە تیرۆریستییە کۆبکرێنەوە. ئەوە لانیکەمی خواستی ئێمەیە. بەسە، ئێوەش بە مانەوەتان لەپاڵ ئەو رژێمە، ستەممان لێدەکەن و بکوژن."
کەمپینێکی ئۆنلاینیش بۆ داواکردنی دەرکردنی باڵیۆزەکانی ئێران دروستکراوە. گرووپێک بەناوی ئێرانییەکانی داکۆکیکاری دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە نامەیەکدا بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی جی 7 دەڵێن، وەکو کاردانەوە بەرامبەر سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران، باڵیۆزەکانی ئێران یان نوێنەرانی ئەو وڵاتە لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەربکەن، 400 هەزار کەس ئەو داواکارییەیان واژۆ کردووە.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە رووداوی راگەیاند، "ئەم شۆڕشە کە لە ژینا ئەمینییەوە دەستیپێکرد، لە کوردستانەوە سەریهەڵدا و لە تەواوی ئێران بڵاوبووەوە، وایکردووە کە سیاسەتمەدارانی ئەوروپایی و ئەمریکایی و دنیای رۆژئاوا بەگشتی خەریکن پێداچوونەوەیەک دەکەن، ئێمەش دەبێت کارمان ئەوە بێت دەنگی ئەو خەڵكە بەگوێیان بگەیێنین، بۆچی باڵیۆزەکانیان بانگ ناکەنەوە، مەرج نییە هەموو پەیوەندیی دیپلۆماسی بپسێنن، بەڵام بۆچی باڵیۆزەکانیان وەکو ناڕەزایی بانگ ناکەنەوە، بۆ شەهیدکردنی شەرەفکەندی ئەو کارەیان کرد کاتی خۆی."
د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ساڵی 1992 لە بەرلینی ئەڵمانیا تیرۆرکرا. دادگەی ئەو وڵاتە ساڵی 1997 رایگەیاند، ئێران بڕیاری تیرۆرکردنی داوە و ئەنجامدەرانی سزادا. دوای بڕیارەکە، وڵاتانی ئەوروپایی باڵیۆزەکانیان بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگ لە ئێران کشاندەوە. خۆپێشاندەرانی ئێران ناوی ناڕەزایی ئەمجارەیان ناوە، "شۆڕشی یەکجاری." بۆ ئەمەش، دەیانەوێت پاڵپشتیی وڵاتان لە ئاست چاوەڕوانییان بێت.