یەکێتی ئەورووپا داوای هەڵبژاردنێکی ''ئاشتییانە و بێگەرد" لە عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی ئەورووپا داوا دەکات هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق " ئاشتییانە و گشتگیر و بێگەرد" بێت، روو لە حکومەتی عێراقیش دەکات" ئەجێندای فراوانتری چاکسازی ئەنجامی هەبێ بۆ خەڵک، وەڵامی داواکارییە رەواکانیان بدرێتەوە.''
رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 ئەنجوومەنی هاوکاری نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا لە لۆکسمبۆرگ کۆبووەوە، کایا کاڵاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کرد، دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حوسێن کە پەیامنێری رووداویش تێیدا ئامادەبوو رایگەیاند: "عێراق داوای چاودێری یەکێتی ئەورووپای کردووە بۆ هەڵبژاردن.'' پێیوایە"ئەو هەڵبژاردنە ساتێکی گرنگە بۆ عێراق، پێویستە ئاشتییانە و گشتگیر و بێگەرد بێ.''
بە بڕوای کالاس: "هەڵبژاردن بۆ عێراق نەک نیشانەی پێشکەوتن، بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ بنیاتنان و داهاتوو، گرنگە حکومەت ئەجێندای فراوانتری چاکسازی هەبێ و وەڵامی داواکاری رەوانی خەڵک بۆ حوکمڕانی باشتر بداتەوە .''
هەروەها فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند:" خۆشحاڵم پشتیوانی یەکێتی ئەورووپامان هەیە بۆ هەڵبژاردن ،شەشەم جارە لەدوای گۆڕانی [رژێم] لە ساڵی 2003ـوە، پرۆسەی دیموکراسی بووەتە بەشێک لە کولتووری سیاسیمان.''
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ: "دیموکراسی لە عێراق بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانی زۆربەی وڵاتان بۆ عێراق، لەنێویاندا وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و یەکێتییەکە بەگشتی.''
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانی کۆمیسیۆن رۆژی سێشەممە 14-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی کۆمیسیۆن داوای ئاراستەی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەی وڵاتان کرد بەتایبەت بۆ نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی، نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتانە دێنە کۆمیسیۆن و کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمیسیۆن دەکەن لەسەر وردەکاری چۆنیەتی چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.''
عیماد جەمیل دەڵێ: "تاوەکو ئێستا تەنیا داواکاریمان بەدەستگەیشتووە و ناوی چاودێری ئەو وڵاتانە نەهاتووە.''