کایا کالاس بۆ رووداو: دیالۆگمان لە ئاسایشەوە بۆ وزە و ئابووری فراوان کردووە


رووداو دیجیتاڵ

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، یەکێتییەکە دەیەوێت هەمەجۆری بە سەرچاوەکانی وزەی بدات و چیدیکە پشت بە یەک سەرچاوە نەبەستێت. هاوکات ستایشی ئەو چاکسازییانەی کرد کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کراون و رایگەیاند، دیالۆگیان لە ئاسایشەوە بۆ بوارەکانی وزە، ئابووری و هاوکاریی دیجیتاڵی فراوان بووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2025، چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق لە لۆکسمبۆرگ بەڕێوەچوو. کایا کالاس و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان کرد.
 
لە وەڵامی پرسیاری ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ لوکسەمبۆرگ سەبارەت بە رۆڵی وزە لە گفتوگۆکاندا و هەوڵەکان بۆ فراوانکردنی بازرگانی لە دەرەوەی نەوت، کایا کالاس رایگەیاند: "وەک یەکێتیی ئەورووپا، بێگومان ئێمە دەمانەوێت هەمەجۆری بە وزەی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان بدەین. ئێمە لە رابردوودا پشتمان بە تەنیا یەک سەرچاوە بەستووە و باجیشمان بۆ ئەوە داوە."
 
کالاس هەروەها ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی کرد و گوتی: "ئێمە بەڕاستی ستایشی ئەو چاکسازییانە دەکەین کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کراون. لەکاتێکدا دیالۆگمان لە ئاسایشەوە بۆ هاوکاریی وزە و دیجیتاڵی فراوان بووە، ئێمە دان بە ئەجێندای فراوانتری چاکسازیشدا دەنێین، بەتایبەتی چاکسازییە مەدەنییەکان و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا."
 
لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، کایا کالاس رایگەیاند، عێراق "هاوبەشێکی بەنرخە" و گوتی: "بۆ یەکەمجار، تیشکی گفتوگۆکانمان لە ئاسایشەوە دەگۆڕدرێت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هاندانی پێشکەوتنی ئابووری." هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا چاودێری سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەنێرێت.
 
لەلایەن خۆیەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "ئێمە ئەو قۆناخەمان تێپەڕاندووە کە تەنیا باسی ئاسایش بکەین. ئێمە ئێستا رۆڵێکی گرنگ لە ناوچەکەدا دەگێڕین." هەروەها سوپاسی پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپای کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کە بە شەشەمین هەڵبژاردن لەدوای ساڵی 2003ـوەە وەسفیکرد.
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، فوئاد حوسێن جەختیکردەوە: "پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێماندا هەیە، بە ئێرانیشەوە. ئێمە رێز لە سەروەریی ئێران دەگرین. لەم رۆژانەدا، بڕیار و پرۆسەی بڕیاردان لە بەغدایە، عێراقییەکانن کە بڕیار دەدەن. ئێمە نابینە بەشێک لە هیچ ململانێیەک یان هیچ جەنگێک."
 
کالاس پشتڕاستیکردەوە کە نێردەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپا لە 11ـی تشرینی دووەم لە عێراق دەبێت و رایگەیاند، سەلامەتیی کارمەندەکانیان لە پێشینەدایە.
 
لە کۆتاییدا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەکرد کە گفتوگۆ لەسەر هاوکاری لە بواری کۆچدا بەردەوامە و گوتی: "ئێمە هەمان نیگەرانیمان هەیە کاتێک دێتە سەر کەمپەکانی داعش و بابەتە پەیوەندیدارەکان، ئەمەش بە تەواوی بە ئاسایشی ناوچەکە و یەکێتیی ئەورووپاوە بەستراوەتەوە."