دۆناڵد ترامپ: کۆچبەران زۆر بە دەگمەن ئافرەتن
رووداو - ئەمریکا
دۆناڵد ترامپ، بەربژێری پارتی کۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند کۆچبەر تەڵەکەیەکە کە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەکاریدەهێنێت، بۆ ئەوەی دزە بکەنە ناو ئەمریکا، و گوتی " بەشی هەرەزۆری ئەو کۆچبەرانەی هاتوونەتە ئەوروپا پیاون و ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئافرەت و منداڵن".
دۆناڵد ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان سەرۆکایەتی ئەمریکا باس لە وە دەکات "ئەمە دەکرێت ئەسپەکەی تەروادە بێت. کاتێک سەیری کۆچبەران دەکەیت، لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەیت، سەیری بکەن! سەرەتا هەوڵدەدەن ئافرەت و منداڵ بنێرن، بەڵام کاتێک دواتر سەیری کۆچبەران دەکەین، من خۆیشم یەکەم کەس بووم کە ئەمەم هێنایە بەرباس، دەبینین ئەوانە هەموویان پیاون، هیچ ئافرەتیان تێدا نییە، سەیری بکەن، ژمارەیەکی زۆر کەمیان ئافرەتن، زۆر کەمیان منداڵن، نەک هەر هەمووشیان پیاون، بەڵکو هەموویان گەنج و کەتەن. هەموویان وەکو خەڵکانێکی بەهێز دیارن. پێتان دەڵێم مەسەلەکە چییە!".
گوتەکانی ترامپ لەکاتێکدایە کە 31 حاکمی ویلایەتەکانی ئەمریکا، کە بەشی هەرە زۆریان سەر بە پارتی کۆمارین، رایانگەیاندووە ئامادەنین پێشوازی لەو 10 هەزار کۆچبەرە سوورییە بکەن، کە بڕیارە ساڵی 2016 بێنە ئەمریکا.
هەروەها کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەبڕیارێکیان ئامادە کردووە، کە دەشێت بەربەست بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی وەرگرتنی 10 هەزار کۆچبەرە سوورییەکە دروست بکات.
کۆشکی سپی رەخنەیەکی تووندی لەم هەنگاوەی کۆمارییەکان گرت و هۆشداری دا گەر ئەنجوومەنی نوێنەران ئەم پڕۆژەبڕیارە پەسند بکات، ئەوە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا مافی ڤیتۆ بەکاردەهێنێت. ئۆباما خۆیشی رەخنەیەکی تووندی لەم هەنگاوەی کۆمارییەکان گرت.